جێگری سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەریەكانی پارێزگای سلێمانی، نازم عەبدوڵڵا رایگەیاند لە سەرەتای ئەمساڵەوە كێڵگە پەلەوەریەكانی هەرێمی كوردستان بە زیانێكی زۆر مریشك دەفرۆشنەوە و مانگانە زیانی گەورەیان بەردەکەوێت.
نازم عەبدوڵڵا راگەیاند “وەك كێڵگە پەلەوەریەكان كێشەمان زۆرە. لە ساڵی 2014 و دوای سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی لە زیانێكی زۆرداین، بەڵام لەسەرەتای ئەمساڵەوە بە هۆی هاوكاری نەكردنمان لە لایەن حكوومەتەوە ئەو زیانانە زۆر زیاتر بوون”.
ئەو وتی: “لە وڵاتانی دەرەوە حكوومەت هاوكاری زۆری كێڵگە و پڕۆژەكانی پەلەوەری دەكات، بەڵام لە هەرێمی كوردستان حكوومەت وەڵامی داواكارییەكانمان ناداتەوە، بۆیە ئەگەر دۆخەكە بەو شێوەیە بەردەوام بێت لەسەدا 50 تا 60 ئەو كێڵگانە دادەخرێن”.
بەوتەی ئەو بەرپرسەی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەریەكان تەنها لەماوەی ئەمساڵدا زیانی نزیكەی 100 ملیار دینار بەر كێڵگە پەلەوەریەكانی هەرێمی كوردستان كەوتووە.
نازم عەبدوڵڵا وتی: “كێشەی ئێمە زۆری تێچووی عەلەف و گرانی نرخی گاز و غازی شل و دەرمانە كە گرانتر لە بازاڕ دەگاتە كێڵگەكانمان، بەجۆرێك نرخی یەك تۆن عەلەف لە هەرێمی كوردستان 575 دۆلارە لە كاتێكدا لە وڵاتانی دەرەوە بەنیوەی ئەو نرخە دەگاتە كێڵگەكان”.
ئەو ئاماژەی بەوەش كرد، لەئێستادا یەك كیلۆگرام گۆشتی مریشك دوو هەزار و 250 دینار لەسەر خاوەن كێڵگەكان دەكەوێت، بەڵام بە نرخی هەزار و 500 دینار لە بازاڕدا دەیفرۆشنەوە.
جێگری سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەریەكانی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، سەردانی لایەنە پەیوەندیدارەكانیان كردووە و داوایان لە ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی كردووە كە پشتیوانیان بكەن بە مەبەستی زیادكردنی بەرهەمی ناوخۆیی .
ئەو وتی: “لە سنووری پارێزگای سلێمانی زیاتر لە 700 پڕۆژەی پەلەوەری هەیە كە دوو مانگ جارێك توانای بەرهەمهێنانی نزیكەی 12 ملیۆن مریشكیان هەیە، ئەگەر هاوكاری بكرێین نەك تەنها پێداویستی ناوخۆی هەرێمی كوردستان پڕ دەكەینەوە، بەڵكو پێداویستی ناوچەكانی تری عێراقیش دابین دەكەین”.