قوباد تاڵه‌بانی: ده‌یسه‌لمێنین سلێمانی پایته‌ختی رۆشنبیرییه‌

له‌ میانه‌ی به‌ڕێوه‌چوونی دیداری سلێمانی بۆ فێستیڤاڵی فیلم، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ 10-9-2018 قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وتارێكی پێشكه‌شكرد.

به‌ڕێوه‌چوونی دیداری سلێمانی بۆ فێستیڤاڵی فیلم گرنگییه‌كی تایبه‌تی بۆ كورد به‌گشتی هه‌یه‌، به‌تایبه‌تتر بۆ شاری سلێمانی، به‌وپێیه‌ی نه‌ك ته‌نها به‌ ناو، به‌ڵكو به‌ كرده‌وه‌ ده‌یسه‌لمێنێت كه‌ شاری سلێمانی پایته‌ختی رۆشنبیرییه‌.

وتیشی: گرنگه‌ سینه‌ماكارانی جیهان بانگهێشتی كوردستان بكرێن و سوودیان لێ وه‌ربگیرێت.

هه‌روه‌ها روونیشیكرده‌وه‌، له‌ڕێگه‌ی سینه‌ماوه‌ ده‌توانین چیرۆك و ئازارو ژیانی كوردستان به‌ جیهان بناسێنین. هه‌ربۆیه‌ كارده‌كه‌ین به‌ به‌ستنه‌وه‌ی سینه‌مای كوردستان به‌ سینه‌ماكانی جیهانه‌وه‌.

قوباد تاڵه‌بانی وتیشی: گرنگه‌ گه‌شه‌ بده‌ین به‌ بواری سینه‌ما له‌ كوردستان، چونكه‌ له‌و رێگه‌یه‌وه‌ پێویستمان به‌ هه‌زاران كۆمپانیای گواستنه‌وه‌و ئه‌كته‌رو هونه‌رمه‌ندو كارمه‌ند ده‌بێت، كه‌ ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هه‌لی كار بۆ هه‌زاران گه‌نجی كورد.

راشیگه‌یاند: حكومه‌ت پشتگیری بواری سینه‌مای كردووه‌، خۆشحاڵیشم فیلمسازی له‌ زانكۆكانی كوردستان ده‌خوێنرێت و كادر له‌سه‌ر پێشكه‌وتووترین میكانیزم پێده‌گه‌یه‌نرێت.

قوباد تاڵه‌بانی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، شانازی به‌و ئه‌كته‌رو هونه‌رمه‌نده‌ كوردانه‌ ده‌كه‌م كه‌ رێچكه‌یان بڕیوه‌و له‌ فێستیڤاڵه‌ جیهانییه‌كان به‌شداریان كردووه‌و بڕوانامه‌یان له‌و بواره‌ به‌ده‌ستهێناوه‌، پێویسته‌ پشتیوانی ئه‌وجۆره‌ كه‌سانه‌ بین و رێزیان لێبگرین تا به‌ره‌و پێشتر بڕۆن.

روونیشیكرده‌وه‌، تامه‌زرۆم بزانم ئه‌نجامی ئه‌م دیداره‌ چییه‌، گوێبیستی تێبینی و قسه‌كانتان بم له‌سه‌ری، چونكه‌ ئێوه‌ پسپۆڕن له‌و بواره‌داو ئێوه‌ ده‌توانن هه‌ڵیبسه‌نگێنن و به‌ره‌و پێشتری ببه‌ن.

PUKmedia