كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی كوردستان رایگەیاند لە كاتژمێر 00:01ی رۆژی سێشەممە بەكاتی هەرێمی كوردستان هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەستپێدەكات.
لایەنە سیاسییەكان و لیست و قەوارە بەشداربووەكانی پڕۆسەكە لەئێستادا ئامادەكارییەكانی خۆیان چڕكردووەتەوە بۆ دەستكردن بە هەڵمەتی بانگەشەكانیان لە ساتی یەكەمی دەستپێكردنی هەڵمەتەكەدا، بۆ ئەو مەبەستەش لەئێستادا سەرقاڵی چاپكردن و ئامادەكردنی دروشم و وێنەی كاندیدەكانیانن.
لە ماوەی رابردوودا دەنگۆی ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردن، كاریگەری لەسەر بەشێك لە لیست و قەوارە و كاندیدەكان كردووە و بەشێكیان بەو هۆیەوە لە ئامادەكاری و چاپكردنی وێنە و دروشم و بانگەشەكانی خۆیان ساردبوون، بەڵام ئێستا ئەو لیست و كاندیدانە بەپەلە دەستیان بە ئامادەكاری خۆیان كردووە.
بەرهەم فایەق خاوەنی چاپخانەیەكە لە شاری هەڵەبجە، راگەیاند، لەماوەی رابردوودا و بە هۆی دەنگۆی ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردنەوە لیست و قەوارە و كاندیدەكان زۆر بەگەرمی بەدەم بانگەشە و چاپكردنی وێنە و دروشمەكانیانەوە نەهاتوون، بەڵام دوای ئەوەی دڵنیابوونەوە لەوەی پڕۆسەكە لە وادە و كاتی دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوەدەچێت لە دوێنێوە لیست و كاندیدەكانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە وێنە و دروشمی لیست و كاندیدەكانیان هێناوە و دەستیان بە چاپكردنیان كردووە، بەو هۆیەشەوە فشاریان كەوتووەتە سەر.
وتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی كوردستان، شێروان زرار لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، چەند لیژنەیەكیان پێكهێناوە لەسەر ئاستی پارێزگاكان بۆ ئەوەی چاودێری پرۆسەی هەڵبژاردنەكان بكەن و لە كاتی بوونی هەر سەرپێچییەك لیژنەكە راپۆرتی خۆی دەنووسێت و لە كۆتایی پرۆسەكەشدا ئەو لایەنانەی كە سەرپێچییان ئەنجامداوە ئەوا سزای دارایی دەدرێن.
بەرپرسی ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان، زمناكۆ جەلال نەیشاردەوە كە دەنگۆی ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردن كاریگەری لەسەر ئامادەكاری لیستەكان هەبووە بۆ بانگەشە، راگەیاند “وەك بزووتنەوەی گۆڕان ئامادەكاری خۆمان كردووە و لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا دەست بە بانگەشەی خۆمان دەكەین”.
لە لای خۆیەوە وتەبێژی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سلێمانی و هەڵەبجە، عەتا شێخ حەسەن وتی: “وەك پارتی دیموكراتی كوردستان ئامادەكاری خۆمان بۆ هەڵبژاردن و هەڵمەتی بانگەشە كردووە، بڕیارمانداوە هەڵمەتی ئەمجارەی بانگەشەی هەڵبژاردن بە شێوەیەكی جیاواز ئەنجام بدەین و لە رێگەی قافڵەی ئۆتۆمۆبێل و شێوازی ترەوە نەبینە هۆی بێزاركردنی هاووڵاتییان”.
ھەروەھا لای خۆیەوە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ماوەی دوو هەفتەیە لەناو شاری سلێمانیدا ئامادەكاری خۆی كردووە و كۆمەڵێك تابلۆی گەورەی لە شەقام و شوێنە جیاجیاكانی سلێمانی هەڵواسیوە كە تەنها ( بۆ ….. ) ی لەسەر نووسراوە و بەشێكی هەڵمەتی بانگەشەكانیانە، هەروەها لە شەوی رابردووەوە لە چاپخانە و كۆمپانیاكانی تایبەت بە بانگەشە و بڵاوكردنەوەی رێكلام دەستیان بە چاپكردن و ئامادەكردنی پۆستەر و وێنە و دروشمەكانیان كردووە.
وتەبێژی دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بڕیار رەشید رایگەیاند، پاش نیوەڕۆی سبەینێ بە ئامادەبوونی سەرۆك و كاندیدانی لیستەكە لە شاری رانیەوە دەست بە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن دەكەن.
لایەنەكانی تری یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان و كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان و لیستی نەوەی نوێ و لیستەكانی تریش بەهەمان شێوە دەستیان بە ئامادەكاری خۆیان كردووە.
لە شاری سلێمانی پارێزگار و شارەوانی و كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان رێنمایی و بڕیاری خۆیان بۆ لیست و قەوارە سیاسییە بەشدارەكانی پڕۆسەكە بڵاوكردووەتەوە، لەوانەش قەدەغەكردنی هەڵمەتی بانگەشە و دانانی بنكەی بانگەشە لە هەردوو شەقامی سالم و تووی مەلیك، هەروەها قەدەغەكردنی هەڵواسینی ئاڵا و دروشمی لیستەكان بە تاوەر و ستوونەكانی كارەبا لەسەر شەقامە سەرەكییەكان و …. هتد.