” په‌ره‌پێدانی كه‌رتی بانكی لە عێراق، پێویستی به‌ هاندانی زیاتری وه‌به‌رهێنه‌ران هه‌یه‌ “

شاره‌زایه‌كی ئابووری عێراقی جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ په‌ره‌پێدانی كه‌رتی بانكی له‌ عێراق، كاریگه‌ری دیار و به‌رچاوی ده‌بێت له‌سه‌ر چۆنییه‌تی هاندانی وه‌به‌رهێنه‌ران بۆ ئه‌وه‌ی بێنه‌ عێراقه‌وه‌ و سه‌رمایه‌كانیان وه‌گه‌ڕبخه‌ن و كاری وه‌به‌رهێنان ئه‌نجامبده‌ن.
عه‌بدولستار هاشمی شاره‌زای ئابووری به‌ ئاژانسی ده‌نگوباسی ئیخباریه‌ی راگه‌یاند كه‌ گرنگیدان به‌ پێشخستنی كه‌رتی بانكی و دارایی به‌ ته‌كنۆلۆژیای سه‌رده‌م، كاریگه‌ری باشی ده‌بێت له‌سه‌ر وه‌به‌رهێنان و سه‌رنجڕاكێشانی زیاتری وه‌به‌رهێنه‌ران بۆ ئه‌وه‌ی بێن وه‌به‌رهێنان له‌و بواره‌ بكه‌ن. ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌ سیسته‌می بانكی پێشده‌كه‌وێت ئه‌گه‌ر وه‌به‌رهێنه‌ران زیاتر هان بدرێن بۆ وه‌به‌رهێنان له‌و بواره‌دا، ئه‌و شاره‌زا ئابوورییه‌ ئه‌وه‌شی روونكرده‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ یاسای وه‌به‌رهێنان هه‌موار بكرێته‌وه‌ به‌مه‌به‌ستی زیاتر پێشخستن و هاندانی وه‌به‌رهێنان له‌لایه‌ك و ئاسانكاری و هاوكاری زیاتر بۆ وه‌به‌رهێنه‌ران بكرێت له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌. گوتیشی، دواكه‌وتنی سیسته‌می بانكی له‌ عێراق هۆكارێكی دیار بووه‌ له‌ كه‌مبوونی رێژه‌ی وه‌به‌رهێنان له‌و كه‌رته‌دا.