لیرەی توركی بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی

ئەمڕۆ شەممە، نرخی لیرەی توركی لە بازاڕی مامەڵەی دراوی توركیا و جیهان لە بەرامبەر دۆلار و یۆرۆ  بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی دۆلارێكی ئەمەریكی بۆ 6.40 لیرەی توركی دابەزی و نرخی 1 یۆرۆش گەیشتە 7.48 لیرە.

بەپێی دواین زانیاری ماڵپەڕی بلومبێرگی جیهانی، ئەمڕۆ بەهای لیرەی توركی بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە و 100 دۆلاری ئەمەریكی بە 640 لیرەی توركی مامەڵەی پێوەكراوە، ئەمە لە كاتێكدا دوێنێ هەینی بەهای 100 دۆلاری ئەمەریكی بەرامبەر بە 648 لیرەی توركی بوو.

میدیاکان ئاماژەیان بەوەکردووە، کۆبوونەوەی سێ قۆڵی سەرۆکانی ڕوسیا و تورکیا و ئێران کاریگەری راستەوخۆی هەبوو لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی لیرە و دابەزینی ڕێژەی هەڵئاوسان لەو وڵاتە.

ماوەی دوو مانگە بەهۆی كێشەی قەشە برۆنسن-ەوە پەیوەندیەكانی نێوان ئەمەریكا و توركیا گرژی بەخۆیەوە بینیوە، ئەمەش كاریگەری ڕاستەوخۆی كردوەتە سەر دابەزینی بەهای لیرە و بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵئاوسان لەو وڵاتە.