پەرلەمانتارێكی كوردستان داوا لەسەركردایەتی سیاسی كورد دەكات بەهانای كاری بازرگانی لەنێوان هەرێم و شارەكانی عێراقەوە بێن، چونكە بازگەی نافەرمی داندراوە و پارە لەو ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرانە وەردەگرن، كە بە كاڵاوە دەڕۆنە شارەكانی عێراقەوە.
عەبدولڕەحمان عەلی، بڕیاردەری لیژنەی بازرگانی و مافی بەكاربەر لەپەرلەمانی كوردستان لەنوسینێكیدا لەپەڕەی تایبەتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك پەیامێكی بۆ سەركردایەتی سیاسی كورد ناردووە و ڕایگەیاند، بازگەدانان لەنێوان هەرێم وعێراق كوشتنی بازرگانی هەرێمە، بۆیە فریای پڕۆسەی بازرگانی هەرێم بكەون، تا بەتەواوی دانەتەپێت.
ئەوەشی خستۆتەڕوو، هەرچەندە عەیامێكە لەچەند ناوچەیەكی جیاجیای عێراق و لەوشوێنانەی نزیكن لە ناوچە سنورییەكانی هەرێم لەلایەن بازگەكانی عێراق و حەشدی شەعبی بەبێ بوون و پێدانی هیچ پسوڵەیەكی فەرمی و بیانویەكی باوەڕپێكراو، هەر ئۆتۆمبێلێكی بارهەڵگر، كە كاڵاو شمەكی پێیە و لەهەرێمەوە دەچێتە شارەكانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق بڕێك پارە وەردەگیرێت.
باسی لەوەشكردووە، زۆری و كەمی ئەو بڕە پارەیە پەیوەندی بە جۆری ئۆتۆمبێل و بڕی كاڵاو شمەكەكەوە هەیە، ئەوەش پێشێلكردنی تەواوی دەستورویاساكارپێكراوەكانە.
ئاماژەی بەوەشدا، ئەم كارە نیگەرانی زۆری لای بازرگانانی هەرێم دروستكردوەو بەهەوڵێكی تری دەزانن بۆ پوكانەوەی پڕۆسەی بازرگانی هەرێم و كەمكردنەوەی كاڵاوشمەكی هاوردەكراو لەدەرەوە بۆ ناو هەرێم بەتایبەت ئەو كاڵاوشمەكانەی، كە ڕاستەوخۆ دەنێردرێن بۆ شارەكانی خواروو ناوەڕاستی عێراق .