سەرلەبەیانی ئەمڕۆ 7-9-2018 لە مەراسیمێكی شایستەدا تەرمی د.جەمال ئەحمەد رەشید لە گردی سەیوان بە خاك سپێردرا.
شەوی رابردوو لە رێگەی فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانیەوە تەرمی د.جەمال ئەحمەد رەشید لە وڵاتی ئەڵمانیاوە گەیەنرایەوە هەرێمی كوردستان.
دوای گەڕانەوەی تەرمەكەشی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ7-9-2018 لە مەراسیمێكی شایستەدا لە مزگەوتی ئەحمەدی حاجی ڕەشیدەوە بە شەقامی سالمدا بەڕێكرا بۆ نەخۆشخانەی د. جەمال حاجی رەشیدی فێركاری منداڵان و بە ئامادەبوونی وەزیری تەندروستی و پارێزگاری سلێمانی و پزیشك و كارمەندانی نەخۆشخانەكە چەپكە گوڵی رێزو وەفا لەسەر تەرمەكەی دانراو دوا ماڵئاوای لێكرا.
هەر لە مەراسیمی بەخاكسپاردنەكەدا لە نەخۆشخانەی د. جەمال حاجی رەشیدی فێركاری منداڵانەوە بەڕێكرا بۆ عیادەی تایبەتی خۆی كە ماوەیەكی زۆر و بەوپەڕی دڵسۆزییەوە كردبوویە جێگەی خزمەت و چارەسەركردنی منداڵانی كوردستان بە گشتی و شاری سلێمانی بەتایبەتی بەشێوەیەكی خۆنەویست و بڕە پارەیەكی كەم.
لە كۆتایی مەراسیمەكەدا تەرمی د.جەمال ئەحمەد رەشید بەرەو دوا مەنزڵگەی خۆی گردی سەیوانی دوو بەڕێكرا و تەرمی پیرۆزی بەخاكسپێردرا.
بڕیاریشە ئەمڕۆ و سبەینێ پرسەی خوالێخۆشبوو لە مزگەوتی ئەحمەدی حاجی رەشید بەڕێوەبچێت.