ئێران داوا لە عێراق دەکات له‌برى دۆلار، تمەن له‌ زیاره‌تكاران وەربگرن

وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئێران ئاشكراى ده‌كات، پێشنیارى بۆ عێراق كردووه‌ له‌برى دۆلار، ته‌مه‌ن له‌و زیاره‌تكارانه‌ وه‌ربگرێت كه‌ له‌ بۆنه‌ ئاینییه‌كانه‌وه‌ دێنه‌ عێراق.

 به‌هرام قاسمى وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئێران ئه‌مڕۆ له‌ لێدوانێكى رۆژنامه‌وانى ئاشكراى كردووه‌، وڵاته‌كه‌ى پێشنیارى بۆ عێراق كردووه‌ تمه‌ن له‌و زیاره‌تكارانه‌ وه‌ربگرێت كه‌ بۆ بۆنه‌ ئاینییه‌كان دێنه‌ عێراق.

 به‌ پێى ئه‌و لێدوانه‌ى كه‌ له‌ پێگه‌ى سپۆتنیك بڵاو كراوه‌ته‌وه‌، قاسمى وتوویه‌تى “گفتوگۆ له‌ نێوان تاران و به‌غدا به‌رده‌وامه‌ بۆ ئه‌وه‌ بگه‌ن به‌رێككه‌وتنێك تا باڵوێزخانه‌ى عێراق له‌ برى دۆلار، ریال-تمه‌ن له‌و زیاره‌تكارانه‌ وه‌ربگرێت كه‌ به‌ بۆنه‌ى چله‌ى حوسێنه‌وه‌ ده‌چنه‌ عێراق”.

ده‌ڵێ “ئه‌مه‌ زیاتر  ئاسانكارییه‌ بۆ ئه‌و ئێرانییانه‌ى ده‌یانه‌وێ به‌شدارى له‌ چله‌ى حوسێن بكه‌ن”.

كاتێك ئه‌مه‌ریكا سزاكانى به‌سه‌ر ئێران سه‌پاند، حكوومه‌تى عێراق پابه‌ندبوونى به‌ سزاكان راگه‌یاند كه‌ یه‌كێك له‌ سزاكان ئه‌وه‌یه‌ نابێت له‌ مامه‌ڵه‌ى ئابوورى و بازرگانى له‌گه‌ڵ ئێران دۆلار به‌كار بهێنرێت.

 له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ریه‌كه‌ له‌ ئێران و عێراق به‌هۆى پێوه‌ندییه‌كى ئابوورى و بازرگانیى به‌هێز له‌ نێوانیاندا، هه‌وڵ ده‌ده‌ن رێى تر بدۆزنه‌وه‌.