نرخی خاوی برێنت دابەزینی تۆمارکرد

نرخی یەک بەرمیل خاوی برێنت لە بازاڕەکاندا دابەزینی تۆمارکرد و بە ٧٧ دۆلار و ٥٢ سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

ئێوارەی دوێنێ سێشەممە، زانیاری بڵاوکرابوویەوە کە پێشبینی دەکرێت توندبایەکی بەهێز و باران بارینێکی بەخوڕ کەناراوەکانی باشووری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بگرێتەوە کە لەوانەیە کاریگەری خراپ لەسەر گواستنەوەی نەوت لە ناوچەکە دروست بکات، بەڵام کاریگەرییەکان زۆر لەوە کەمتر بوو کە پێشبینی کرابوو کە ئەوەش وای کرد، ئەمڕۆ نرخی خاوی برێنت لە بازاڕەکاندا دابەزین تۆمار بکات.

ھەر دوێنێ سێشەممە لە میانی مامەڵەکاندا، نرخی یەک بەرمیل خاوی برێنت بەزرترین ئاستی تۆمار کردبوو و گەیشتبوویە ٧٩ دۆلار و ٥٠ سەنت.

لە کاتژمێر ٠٦:٤٩ نرخی یەک بەرمیل خاوی برێنت لە بازاڕەکاندا دابەزی و بە ٧٧ دۆلار و ٥٢ سەنت مامەڵەی پێوەکراوە.

بەھەمان شێوە نرخی نەوتی خاوی ئەمریکا لە بازاڕەکاندا دابەزینی تۆمارکرد و بە ٦٩،٠٨ دۆلار مامەڵەی پێوەکراوە.