نرخی یەک دۆلار گه‌یشته‌ 12 هەزار تمەن

نرخی دۆلار و دراوی بیانی لە تاران دیسان رووی لە هەڵکشان کردووە و هەر دۆلارێک بە  12 هەزار تمەن و هەر یۆرۆیەکیش بە 14 هەزار تمەن فرۆشراوە.

بەرزبوونەوەی ئاستی داخوازی لەسەر دراوی بیانی لە شارەکانی ئێران هۆکارێکە بۆ زیاتر دابەزینی نرخی تمەن. ماوەی رابردووش نرخی دۆلار گەیشتە 12 هەزار تمەن دواتر بە رەچاوکردنی هەندێک سیاسەتی دارایی لە لایەن بانکی ناوەندیی ئێرانەوە نرخەکەی لە نێوان نۆ تا 10 هەزار تمەن جێگیر ببوو.

عەبدولناسر هیمەتی سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئێران رەتی کردووەتەوە بۆ پاراستنی هاوسەنگیی بازاڕی دراو سوود لە دراوی یەدەگی بانکەکە وەربگرێت و بۆیەش وتوویەتی دراوەکەی بانکی ناوەندیی نامووسی بانکەکەیە  و دەبێت بەو دۆلارەی لە فرۆشتنی شتومەک و هەناردەکاری بەدەست دێت هاوسەنگییەکە بپارێزرێت.

بە گوێرەی “رادیۆ فەردا” ئەو باسی لەوەش کردووە قەبارەی هەناردەی ئێران جگە لە نەوت سەرووی 40 ملیار دۆلارە و دەتوانن بەم پارەیە هاوسەنگییەکە بپاریزن.

پێویستە بوترێت نرخی تمەن دوای ئەوە دابەزی کە ئەمەریکا لە رێککەوتنی ناوکیی کشایەوە و هەڕەشەی سەپاندنی سزای قورسی لە دژی ئێران کرد. لەو کاتەوە نرخی دۆلار بەرانبەر بە تمەن نزیکەی سێ هێندە گرانتر بووە.