نەوزاد محەمەد عەلی تەمەن 46 ساڵان، دانیشتووی شاری سلێمانییە و خاوەنی قەلەڕەشێكە، ئەم قەلەڕەشەی نەوزاد زۆر خۆی لە مرۆڤ نزیك دەكاتەوە و وەك خوی هەر قەلەڕەشێكی تر بەردەوام خەریكی شاردنەوە و بردنی هەر شتێكە كە پێی بگات.
نەوزاد ماوەی سێ مانگە سەرقاڵی بەخێوكردنی ئەو قەلەیە، ئەو دەڵێت: “قەلەكە تەمەنی ساڵێك و سێ مانگە و پێشتر لە لای كوڕێكی پورم بوو، بەڵام زیاتر هۆگری من بوو كە دەیبینیم هەمووجار دەهاتە لای من و لە من نزیك دەبویەوە، بەو هۆیەوە قەلەكەی پێدام و ماوەی سێ مانگە لە لای منە و بەخێوی دەكەم”.
نەوزاد كە پیشەی دارتاشییە لە شاری سلێمانی، باس لەوە دەكات قەلەڕەشەكە خوی شت شاردنەوەی هەیە، ئەوەش زۆرجار كێشەی بۆ دروستكردووە و لە شوێنی كارەكەشی ناچار بووە رۆژانە كەلوپەل و ئەو شتانەی تر كە بەكاری دەهێنێت بشارێتەوە.
ئەو وتی: “قەلەكە هەموو شتێك دەشارێتەوە لە دوكان ناچارم كەلوپەل و برغو و شتەكانی تریش بشارمەوە، شەوانەش كە دەچینە شەقامی سەهۆڵەكەی سلێمانی دەچێتە لای ئەو كەسانەی كە لەوێن یان تێپەڕ دەبن و داوای شتیان لێدەكات و لێیان نزیك دەبێتەوە، ئەوەش وایكردووە ببێتە جێگای سەرنجی ئەوان و زۆرجار وێنەی لەگەڵ دەگرن”.
نەوزاد دەڵێت “ئەم قەلەڕەشە بەردەوام لەگەڵمە ، تەنانەت شەوان لە ژوورەكەی خۆم دەخەوێت و لێم جیا نابێتەوە، رۆژانەش كە دەچمە دەرەوە لەگەڵم دێت و لە شوێنی كاركردن لەگەڵم دەبێت كە دەچمە ماركێت یان هەر شوێنێكی تر دێتە سەرشانم و لێم دوور ناكەوێتەوە “.
بە وتەی خاوەنەكەی، قەلەڕەشەكە بەبێ ئەوەی هیچ راهێنانێكی پێبكات، بە دەنگێگی گڕ توانای بانگكردنی هەیە و هەندێك جار داوای خواردن یان ئاوی لێدەكات.