كوێت هاورده‌ى خۆراكى عێراقى قه‌ده‌غه‌ ده‌كات



هه‌ردوو وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى و ئابوورى كوێت، بڕیارى قه‌ده‌غه‌كردنى هاورده‌ى خۆراكى عێراقى ده‌ده‌ن و هۆكاره‌كه‌ش بڵاوبوونه‌وه‌ى په‌تاى كۆلێرایه‌ له‌ به‌سڕه‌.


رۆژنامه‌ى “الرأی” كوێتى له‌ چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كه‌وه‌ ئاشكراى كردووه‌، وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى كوێتى به‌ هاوئاهه‌نگى له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى بازرگانى و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى گومركه‌كان و ده‌سته‌ى گشتى خۆراكى ئه‌م وڵاته‌، هاورده‌كردنى خۆراكى له‌ عێراقه‌وه‌ قه‌ده‌غه‌ كردووه‌.

سه‌رچاوه‌كانى رۆژنامه‌ كوێتییه‌كه‌ وتوویانه‌ ئه‌م بڕیاره‌ وه‌ك رێكارییه‌كه‌ بۆ رێگرتن له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ى په‌تا و نه‌خۆشیى كۆلێرا، چونكه‌ ماوه‌یه‌كه‌ به‌هۆى پیسبوونى ئاوى به‌سڕه‌وه‌ چه‌ندان نه‌خۆشى و په‌تا له‌ باشوورى عێراق و به‌تایبه‌تى له‌ به‌سڕه‌ بڵاو بوونه‌ته‌وه‌، كه‌ ئه‌م شاره‌ش له‌گه‌ڵ كوێت هاوسنووره‌.

 له‌ باره‌ى جۆرى خۆراكه‌كان وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى كوێت هیچ رێنوێنییه‌كى بڵاو نه‌كردووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام باس له‌وه‌ كراوه‌ ته‌واوى خۆراكه‌كان قه‌ده‌غه‌ ده‌كرێن ته‌نانه‌ت ئه‌و خۆراكه‌ كه‌مانه‌ى له‌لایه‌ن گه‌شتیارانیش هه‌ن، وه‌ك میوه‌ و سه‌وزه‌ و ئاوى خواردنه‌وه‌.

به‌هۆى ئه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى له‌ پرۆسه‌ى سازگاركردنى ئاوى به‌سڕه‌ هه‌یه‌ و ئێرانیش ئاوى پیس ده‌ڕژێنێته‌ شه‌تولعه‌ره‌ب، به‌ هه‌زاران كه‌س له‌ به‌سڕه‌ له‌ ماوه‌ى رابردوودا ژه‌هراوى بوون.