عێراق و سعودیە لە دوو مانگی رابردوودا دەستیان بە بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی خۆیان كردووە، لەكاتێكدا بازاڕەكانی نەوت چاوەڕێی گەڕانەوەی سزا ئەتۆمییەكانی ئەمریكا بۆ سەر كەرتی نەوت و غازی ئێران دەكەن. هەردوو وڵات كە ركابەری سەرەكیی ئێرانن لە ئۆپێك، چاویان بڕیوەتە بازاڕەكانی ئەوروپا و چاوەڕێ دەكەن پشكەكانیان لەو بازاڕەدا بەرز ببێتەوە.
بڕیارە لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵەوە سزا ئەتۆمییەكانی ئەمریكا بۆ سەر كەرتی نەوت و غازی ئێران بگەڕێنەوە، دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ لە مانگی ئایاری ئەمساڵ رایگەیاند كە وڵاتەكەی لە رێككەوتنەكە ئەتۆمییەكەی 2015 دەكشێتەوە و سزاكان دەگەڕێنەوە سەر جومگە سەرەكییەكانی ئابووریی ئێران، ئەمەش ئاستەنگی گەورە بۆ فرۆشتنی نەوتی ئێران لە بازاڕەكانی جیهاندا دروست دەكات.
پاڵاوگەكانی چین، هیندوستان، ژاپۆن و كۆریای باشوور كڕیاری سەرەكی نەوتی خاوی ئێرانن، بەڵام توركیا و یەكێتیی ئەوروپاش كڕیاری نەوتی ئەو وڵاتەن و دوای گەڕانەوەی سزاكان دەبێ بەدوای سەرچاوەی نوێی نەوتی خاودا بگەڕێن. ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە هۆشداری داوە كە لە مانگی تشرینی یەكەمدا بازاڕەكانی نەوتی جیهان تووشی شۆكی گەورە دەبن.
هەفتەی رابردوو، دیپلۆماتێكی باڵای ئێران بە رێكخراوی وڵاتانی هەناردەكاری نەوت (ئۆپێك)ی راگەیاند كە هیچ وڵاتێكی ئەندامی رێكخراوەكە نابێ رێگەی پێبدرێ دەست بەسەر پشكەكانی وڵاتێكی دیكەی رێكخراوەكەدا بگرێ. پێشتر سعودیە ئامادەیی دەربڕیبوو لە ئەگەری دابەزینی بەرهەمهێنانی نەوتی ئێراندا كورتهێنانی بازاڕی نەوت پڕبكاتەوە. بەڵام داتاكانی گواستنەوەی نەوت بۆ ئەوروپا دەریدەخەن عێراق (كە هاوپەیمانی سیاسیی ئێرانە لە ناوچەكەدا)، هاوشانی سعودیە قۆڵی لە پڕكردنەوەی بۆشایی نەوتی ئێران هەڵكردووە.
بەگوێرەی داتاكانی ئاژانسی (رۆیتەرز)ی بەریتانی، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەناردەی نەوتی ئێران بۆ ئەوروپا بە رێژەی 35% كەمی كردووە و گەیشتووەتە 415 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا، لە كاتێكدا هەناردەی نەوتی سعودیە بە كەشتی بۆ ئەوروپا دوو هێندە بووە و عێراقیش هەناردەی نەوتی وڵاتەكەی بۆ ئەوروپا بە رێژەی 30٪ بەرزكردووەتەوە. 32%ی هەناردەی نەوتی ئێران بۆ یەكێتیی ئەوروپا، توركیا و ئیماراتی عەرەبییە، پشكی ئەوروپا لەو رێژەیە دەگاتە 20٪.
بەرپرسی یەكێك لە پاڵاوگەكان كە ناوی خۆی و پاڵاوگەكەی ئاشكرا نەكراوە، بە ئاژانسە بەریتانییەكەی راگەیاند: “سعودیە، بەسرە و ئۆراڵ (نەوتی رووسیا) دەبنە ئەڵتەرناتیڤی نەوتی ئێران كە پێنجەم گەورەترین هەناردەكاری نەوتی جیهانە و بە هۆی سزاكانەوە 1.5 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردەكراوی لە بازاڕدا نامێنێ.
بەگوێرەی راپۆرتەكە، عێراق و سعودیە لە سەرەتای ئەمساڵەوە بە رادەیەكی بەرچاو بەرهەمهێنانی نەوتی وڵاتەكەیان بەرزكردووەتەوە و نرخی نەوتی خاوی سووكی وڵاتەكانیشیان لە ئاسیا دابەزاندووە.
سعودیە و عێراق دوو گەورەترین هەناردەكاری نەوتی ئۆپێكن. دوو بەرپرسی كەرتی نەوتی عێراق بە رۆژنامەی (شەرق ئەلئەوسەت)یان راگەیاندووە لە 19 رۆژی یەكەمی مانگی ئابدا هەناردەی نەوتی عێراق 160 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 3.7 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا. لە مانگی تەمووزدا عێراق رۆژانە 3.45 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردەی دەرەوە كردبوو.
ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە سعودیە لە مانگی تەمووزدا بەراورد لەگەڵ مانگی حوزەیران دابەزی، سعودیەكان خۆیان باس لە دابەزینی 200 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا دەكەن، بەڵام سەرچاوە و داتاكانی ئۆپێك ئاستی دابەزینەكە بە 50 هەزار بەرمیل دەخەمڵێنن، دوو بەرپرسی ئۆپێكیش ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە ئاستی دابەزینەكە 100 هەزار بەرمیلە لە رۆژێكدا.
بەگوێرەی راپۆرتێكی رۆیتەرز، سعوودییەكان لە مانگی تەمووز بە ئۆپێكیان راگەیاندووە كە ئاستی بەرهەمهێنانی مانگی تەمووزیان 10,488 ملیۆن بەرمیل بووە. لە چەند مانگی رابردوودا چەندین جار جیاوازی بەرچاو لە نێوان داتاكانی سعودیە و ئۆپێك و ناوەندە نێودەڵەتییەكانی چاودێریی بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوتی ریازدا هەبووە. چاودێران پێیانوایە سعودیە دەیەوێ بە كەم پیشاندانی ئاستی بەرهەمهێنانی وڵاتەكەی سایكۆلۆژیای بازاڕەكانی نەوت و نرخی كاڵاكە كۆنتڕۆڵ بكات.
بەشێك لە بەرزبوونەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق و سعودیە دوای ئەوە دێ كە ئۆپێك و 10 وڵاتی دیكەی دەرەوەی رێكخراوەكە، لەوانەش رووسیا، لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا بڕیاریاندا جارێكی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بەرز بكەنەوە، واتە بە كردەوە كۆتایی بە رێككەوتنی دابەزاندنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بهێنن، كە لە مانگی كانوونی دووەمی 2017ەوە كاری پێدەكرا و 1.8 ملیۆن بەرمیلی لە نەوتی خاوی بازاڕەكانی جیهان كەمدەكردەوە.
عێراق یەكێك بوو لەو وڵاتانەی داوای دەكرد لە رێككەوتنی دابەزاندنی ئاستی بەرهەمهێناندا بەشداری پێنەكرێ، بۆیەش لەدوای بڕیارەكەی مانگی حوزەیرانی رابردووەوە زیاتر لە هەموو وڵاتانی ئۆپێك ئاستی بەرهەمهێنانی بەرزكردووەتەوە. ئێرانییەكان پێیانوایە لاوازكردن یان هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتنی دابەزاندنی بەرهەمهێنانی نەوت لادانە لە رێساكانی كاری رێكخراوەیی و پشتگوێ خستنی بنەماكانی هاوپەیمانێتییە لە رێكخراوی ئۆپێكدا.
یەكێك لەو تەكتیكانەی سعودیە بۆ شكاندنی بازاڕی نەوتی ئێران لە ئاسیا و ئەوروپا بەكاری دەهێنێ، دابەزاندنی نرخەكانی نەوتی خاوە. سەرچاوەیەك لە وەزارەتی كۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی ئێران بە (رۆیتەرز)ی راگەیاندووە وڵاتەكەی بەنیازە لەو شەڕی نرخدا لە سعودیەكانی بەرنەوە، بۆیەش نرخی نەوتی یەك بەرمیل نەوتی ئێران بۆ كڕیارەكانی ئاسیا لە نێوان 75 بۆ 90 سێنت كەمدەكرێتەوە، كڕیارە رۆژئاواییەكانیش داشكاندنی 50 سەنتیان بۆ دەكرێ.
بازاڕەكانی نەوت لە هیندوستان و رۆژهەڵاتی ئاسیا (بەتایبەتیش چین) 68٪ی نەوتی ئێران دەكڕن، بۆیەش بایەخێكی ستراتیژیتریشیان بۆ ئێرانییەكان هەیە، جیا لەمەش ئێرانییەكان هەستیان بەوە كردووە كۆمپانیاكانی ئەوروپا درەنگ یان زوو بەدەم سزاكانی ئەمریكاوە دەچن، لەكاتێكدا چین و هیندوستان بەڵێنیان بە ئێران داوە ئاستی هاوردەی نەوتی وڵاتەكەیان لە ئێران كەمنەكاتەوە، بەڵام ئەمە لە حاڵەتێكدا دەبێ كە سعودیە و عێراق ئۆفەری باشتریان بۆ كۆمپانیا چینییەكان و هیندییەكان نەبێ.