وەزیری دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە سلێمانی، لەگەڵ چەند فەرمانگەیەكی حكوومی كۆ بووەوە و كێشەی و گرفتەكانی لەگەڵ تاوتوێ كردن، هاوكات بەڵێنی چارەسەركردنی كێشەی 600 منداڵی دا كە تووشی نەخۆشیی شەكرە بوون.
ئەمڕۆ پێنجشەم 30ی ئاب/ ئۆگستس، بەپێی ڕاگەیەنراوێكی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕێباز حەملان وەزیری دارایی و ئابووری و وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بە وەكالەت لەگەڵ فەرمانگەكانی سەر بە وەزارەتی كشتوكاڵ لە سلێمانی و فەرمانگەی تەندروستی و ژمارەیەك بەڕێوەبەری فەرمانگەی سەر بە وەزارەتی دارایی و ئابووری كۆ بووەوە.
حەملان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لە سلێمانی كۆبوونەوەیەكی فراوانی ئەنجام دا و گوێی لە داواكاریی فەرمانگەكان گرت و لە چوارچێوەی وەزارەتی كشتوكاڵ بەڵێنی چارەسەركردنی دا، هەروەها بڕیاری دا بە بەداتابەیسكردنی تۆماری زەویوزاری سلێمانی.
دواتر رێباز حەملان چاوی كەوت بە ژمارەیەكی زۆر لە هاووڵاتییان و چین و توێژەكان لە پێناو چاسەرەكردنی گرفتەكانیان لەگەڵ چەند بەڕێوەبەرێكی فەرمانگەكانی وەزارەتی دارایی ئابووری لە سلێمانیش كۆ بووەوە بۆ باشتر راییكردنی مامەڵەی هاووڵاتییان، هەروەها بەڵێندەری پڕۆژەی بە جووتسایدكردنی چوارقوڕنە _خەلەكانی بینی كە وەزیری دارایی و ئابووری پێی راگەیاند كە وەزارەتی دارایی هاوكاری دەكات بۆ ئەوەی لە كەمترین ماوەدا پڕۆژەكە تەواو بكرێت.
هەر لە چوارچێوەی سەردانەكەیدا بۆ سلێمانی وەزیری دارایی و ئابووری لەگەڵ سەباح هەورامی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی كۆ بووەوە بۆ چارەسەركردنی ئەو گرفتانەی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەیەتی لە پێناو خزمەتكردنی زیاتری هاووڵاتییان و بەڵێنی چارەسەركردنی كێشەی 600 منداڵی دا كە تووشی نەخۆشیی شەكرە بوون.