نێچیرڤان بارزانی ئامادەیی حکومەتی نیشاندا بۆ یارمەتیدان و هاوکاریکردنی کۆمپانیا رووسییەکان


سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئامادەیی حکومەتی نیشاندا بۆ یارمەتیدان و هاوکاریکردنی زیاتری کۆمپانیا رووسییەکان کە لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنانیان کردووە.

سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ (پێنجشه‌ممه‌، 30-8-2018) نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ پاڤێڵ سۆرۆكین، جێگری وه‌زیری وزه‌ی رووسیا، ڤلادیسلاڤ باریشنیكۆڤ جێگری سه‌رۆكی كۆمپانیاى گاز پرۆم نه‌فتی رووسی، كۆنسوڵى گشتیى رووسیا له‌ هه‌ولێر و شاندێكی یاوه‌ریان كرد.

له‌ کۆبوونەوەکەدا شاندی میوان هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی و په‌یوه‌ندییه‌ مێژووییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و رووسیا و پێشكه‌شكردنی ئاسانكاری و هاوكاری بۆ كار و پڕۆژه‌كانی كۆمپانیا رووسییه‌كان له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌، به‌رز نرخاند و، هیوای به‌رده‌وامی و په‌ره‌پێدانی زیاترى په‌یوه‌ندییه‌كانیان خواست.

سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستانیش ئاماده‌یی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی بۆ هه‌ر ئاسانكارییه‌ك به‌مه‌به‌ستی باشتركردنی كار و پرۆژه‌كانی كۆمپانیا رووسییه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌تی له‌ بواری وزه‌ و به‌ره‌وپێشبردنی ئه‌و گرێبه‌ستانه‌ی له‌نێوان هه‌ردوولادا هه‌یه‌ ده‌ربڕی، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌‌ دا: ئێستا هه‌رێمی كوردستان له‌ بووژانه‌وه‌دایه‌ و بووەته‌ جێگه‌ی سه‌رنجی سه‌رمایه‌گوزارانی بیانی و حكومه‌تیش له‌ پێشكه‌شكردنی ئاسانكاری و هاوكاریییه‌كان بۆ وه‌به‌رهێنه‌رانی بیانی به‌رده‌وام ده‌بێت.

به‌ره‌و‌پێشبردنی په‌یوه‌ندییه‌ دێرینه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و رووسیا، به‌رزنرخاندنی كار و پرۆژه‌كانی كۆمپانیا رووسییه‌كان له‌ بواری وزه‌دا له‌ هه‌رێمی كوردستان و تاوتوێكردنى بارودۆخی ناوچه‌كه‌ به‌گشتی، لایه‌نێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوو.