بە پێی ڕاپۆرتێكی بانكی جی بی مۆرگان توركیا پارەیەكی زۆر قەرزدارەو پێویستە لە ماوەی داهاتوودا بیداتەوە، ئەوەش لەكاتێكدایە كەوەزیری دارایی توركیا تەئكید لەوە دەكاتەوە كە مەترسی گەورە لەسەر ئابووری وڵاتەكەی نیە.
بانكی جی بی مۆرگان قەرزە دەرەكیەكانی توركیاو ئەو زیادە بانكیانەی كە تا 12 مانگی داهاتوو دەخرێتە سەری بە 179 ملیار دۆلار خەمڵاندووە كە دەكاتە چارەكی داهاتی بەرهەمی ناوخۆی ئەو وڵاتە, ئەوەش دەیسەلمێنێت كە ئابووری توركیا بەرەو پووكانەوەیەكی قورس دەڕوات.
نزیكەی 146 ملیار دۆلاری ئەو قەرزانە قەرزی كەرتی تایبەتین بە تایبەتیش بانكەكان,جی بی مۆرگان لە ڕاپۆرتەكەیدا ڕوونیشیكردۆتەوە كە حكومەتی توركیا پێویستی بە دانەوەی 4 ملیارو 300 ملیۆن دۆلاری قەرزەكە یان درێژكردنەوەی ماوەكەی هەیەو دانەوەی پاشماوەی تری قەرزەكان دەكەوێتە ئەستۆی دامەزراوەكانی سەر بە كەرتی گشتی.
بەپێی ڕاپۆرتەكە ئەو قەرزانەو دابەزینی لیرەی توركی لەمساڵدا بە ڕێژەی لە سەدا 40 بەهاكەی بوونەتە گرفت و كێشەكانی ئەو وڵاتە, هۆكاری سەرەكی ئەو بارودۆخەش دروست بوونی ناكۆكیەكانی نێوان ئەنكەرەو واشنتۆنە لەسەر دەست بەسەر كردنی قەشە ئەندرۆ برۆنسنی بەڕەگەز ئەمریكی لە توركیا.