بتڵی غازی پلاستیکی به‌سه‌ر هاووڵاتیاندا دابه‌شدەکرێت


ئه‌مڕۆ 29ی ئابی 2018 وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق رایگه‌یاند که‌ 250 هه‌زار بتڵی غازی ماڵانی پلاستیکی نوێی هاورده‌ کردوه‌ و به‌سه‌ر هاووڵاتیاندا دابه‌شیده‌کات، هه‌روه‌ها کۆمه‌ڵگه‌ی نیشته‌جێبوونه‌کانیش له‌ڕێگه‌ی سیستمی بۆرییه‌وه‌ غازیان بۆ دابینده‌کرێت.

عاصم جهاد، وته‌بێژی ره‌سمی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق به‌ سومه‌ریه‌نیوزی راگه‌یاند که‌ وه‌زاره‌ته‌که‌یان 250 هه‌زار بتڵی غازی پلاستیکی نوێی له‌ ئه‌وروپاوه‌ هاورده‌ کردوه‌ و به‌سه‌ر هاووڵاتیاندا دابه‌شیده‌کات و بۆ هاووڵاتیان به‌خۆڕایی ده‌یگۆڕێته‌وه‌ له‌گه‌ڵ بتڵه‌ غازه‌ کۆنه‌کانیاندا که‌ به‌ ئاسن دروستکراون.

وتیشی “بتڵه‌ غازه‌ پلاستیکییه‌کان کێشیان که‌مه‌ و به‌ به‌تاڵی 5 بۆ 6 کیلۆ ده‌بێت، به‌پڕیش 18 بۆ 19 کیلۆ ده‌بێت، له‌کاتێکدا بتڵه‌کانی پێشوو به‌به‌تاڵی 16 بۆ 17کیلۆ ده‌بوو، به‌پڕیش 28 بۆ 29 کیلۆ ده‌بوو”.

ئه‌وه‌شی وت “وه‌زاره‌ته‌که‌مان له‌ساڵی 2010شدا 300 هه‌زار بتڵی غازی پلاستیکی هاورده‌ کرد و به‌سه‌ر هاووڵاتیاندا دابه‌شیکردن”.

باسی له‌وه‌شکرد که‌ وه‌زاره‌ت ده‌یه‌وێت ئه‌و بتڵه‌ غازه‌ ئاسنه‌ کۆنانه‌ لاببات و له‌جێگه‌یان بتڵی پلاستیکی نوێ دابنرێت، هه‌روه‌ها له‌ پڕۆژه‌کانی نیشته‌جێکردنیش غاز له‌ڕێگه‌ی بۆرییه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نرێته‌ هاووڵاتیان.

داواشیکرد هاووڵاتیان دوورکه‌ونه‌وه‌ له‌ له‌ کڕینی بتڵی غازی پلاستیکی کوالیتی خراپ که‌ له‌ئێستادا له‌ بازاڕه‌کانی عێراقدا بوونیان هه‌یه‌.