سیاسەتەكانی توركیا لە هەفتەیەك زیاتر نەیتوانی پێش بە داشكانی لیرە بگرێت


دوای ماوەیەكی كورت لە بەرزبوونەوەی نرخی لیرە، دیسان دراوی توركیا رووی لە دابەزین كردووە و سیاسەتەكانی توركیا لە هەفتەیەك زیاتر نەیتوانی پێش بە داشكانی لیرە بگرێت.

دوو هەفتە لەمەوبەر نرخی دۆلار بەرانبەر بە لیرە ژمارەی پێوانەیی شكاند و هەر دۆلارێك بە حەوت لیرە ئاڵوگۆڕ كرا. حكوومەتی توركیا بۆ رێگریكردن لە زیاتر دابەزینی نرخی لیرە، هەندێك سیاسەتی دارایی و ئابووری گرتەبەر و توانی لە ماوەی هەفتەیەكدا نرخی لیرە بەرز بكاتەوە و هەر دۆلارێك بۆ خوارووی شەش لیرە دابەزێنێت.

نرخی لیرە دوای ئەو بەرزبوونەوەی نەیتوانی لە یەك ئاستیدا جێگیر بێت و دووبارە رووی لە دابەزین كردووەتەوە. رۆژانە لە نرخی لیرە كەم دەبێتەوە و ئەمڕۆ سێشەمیش نرخی هەر دۆلارێك بە 6.20 لیرە ئاڵوگۆڕ دەكرێت.

بەگوێرەی چارتی “XE” بەراورد بە ساڵێك لەمەوبەر نرخی هەر دۆلارێك بەرانبەر بە لیرە دوو هێندە هەڵكشاوە و ئەمەش كاریگەریی زۆر خراپی كردووەتە سەر كەرتی ئابووری توركیا.

هۆكاری سەرەكی خێرایی لە  دابەزینی نرخی لیرە بۆ تێكچوونی پێوەندییەكانی نێوان ئەمەریكا و توركیا دەگەڕێتەوە، ئەمەش دوای ئەوە دەستی پێ كرد كە توركیا قەشەیەكی ئەمەریكی دەست بەسەر كرد و وتی، هەر كاتێك ئەمەریكا فەتحوڵا گولەنی رێبەری بزووتنەوەی خزمەتی رادەست كرد، ئەوا ئەوانیش قەشەكە ئازاد دەكەن. ئەمەریكا بەمە زۆر تووڕە بوو و یەكسەر دوو وەزیری توركیای سزا دا.

پێشتر بەهۆی سیاسەتی تاكڕۆیانەی ئەردۆغان نرخی لیرە بە هێمنی رووی لە دابەزین كردبوو و چاوەڕوان نەدەكرا بەم خێرایییە نرخی لیرە دابەزێت.

دوای سەركەوتنی ئەردۆغان لەجیاتی بەرزبوونەوەی نرخی لیرە، نرخی دراوی ئەو وڵاتە دابەزیوە و ئەمەش دەری دەخات بازرگانان و وەبەرهێنەران لە داهاتووی توركیا نیگەرانن و نازانن ئەردۆغان وڵات بەرەو چ ئاقارێك دەبات.


نرخی 100 دۆلاری ئەمەریكی بەرانبەر بە لیرە لە سەرەتای ئەمساڵ بریتی بووە لە 375 لیرە. ئەو نرخە لە ساڵی 2017 بریتی بووە لە 280 لیرە، لە ساڵی 2015 بریتی بووە لە 266 لیرە و لە ساڵی 2014 نرخەكەی 200 لیرە بووە.

لە نزیكەی چوار ساڵی رابردووەوە تا ئێستە نرخی دۆلار بەرانبەر بە لیرە سێ هێندە گرانتر بووە. بەگوێرەی چارتی XE ، ساڵی 2011 نرخی 100 دۆلار بە 150 لیرە بوو و ئەو نرخە لە ساڵی 2008 بریتی بوو لە 119 لیرە. ئەمەش دەریدەخات لە ماوەی 10 ساڵی رابردوو لیرە پاشەكشەیەكی زۆری كردووە.