لەبەرامبەر پێنەدانی پارە لەلایەن بانكەكانەوە بەڵێندەرانی شاری سلێمانی ڕایدەگەیەنن گەر بانكەكان لە پێنەدانی پارە بەردەوامبن ئەوا سەرجەم كارەكانی سلێمانی ڕادەوەستێنین.
نوێنەری زیاتر لە هەزار بەڵێندەری شاری سلێمانی لە بەردەم بانكی هەرێم گردبونەوەیەكی ناڕەزاییان ئەنجامدا و یاداشتێكی ناڕەزاییان ئاراستەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی دارای و ئابوری و بەڕێوەبەرایەتی ئیدارەی بانكەكانی سلێمانی كرد،كەتیایدا ئاماژە بەوەكراوە” چەند مانگێكە پارەیەكی زۆری بەڵێندەران لەبانكەكان هەیەو پێیان نادرێت، ئەمەش وایكردووە، بەڵێندەر نەتوانێت پارەیەكی زۆری خەڵكی تر بداتەوە، لەلایەكی تریشەوە سەرمایەی بەڵێندەران سڕكراوە”
لای خۆشیەوە بەرپرسی راگەیاندنی لقی سلێمانی یەكێتی بەڵێندەرانی كوردستان، پێشەوا عومەربە سایتی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی راگەیاند” پێشتر ئێمە لەڕێگەی یاداشتەوە حكومەتمان لەم كێشەیە ئاگادار كردۆتەوە بەڵام تا ئێستا وەڵام نەدراوینەتەوە بۆیە ئەم گردبونەوەیەمان ئەنجامداوە گەر ئەمجارەش وەك پێویست وەڵام نەدرێینەوە ئەوا ناچار ئەبین سەرجەم پرۆژەكانی سلێمانی ڕابوەستێنین”
ئاماژەی بەوەشدا لە بانكەكاندا سەرجەم كۆمپانیا كوردیەكان وەك یەك سەیر دەكرێن بەڵام كۆمپانیا بیانیەكان پارەكانیان بەكاش وەردەگرن.
جێگری بەڕێوەبەری بانكی هەرێم لە سلێمانی گەزیزە محێدین بۆ كەناڵەكانی ڕاگەیاندن وتی” ئێمە بەپێی توانای خۆمان هاوكاری بەڵێندەرانمان كردووە و نوسراومان ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران كردووە و وەزیرو و بریكاری وەزیر ئاگادارن و ئیشی ئێمە وەك بانكی هەرێم ئەوەیە ئەو پارانەی وەری دەگرین دابشی دەكەین بەسەر بانكەكاندا”
ئەوەشی ڕونكردەوە بانكی ناوەندی هەرێم پارەی تێدایەوە ڕۆژانە لە هەوڵدایە بۆ گۆڕینەوەی ئەو پارانە كە بەدۆلار لەبانكەكاندایە.
ماوەی چەند مانگێكە كێشەی نەبونی پارە لە بانكەكاندا لەشاری سلێمانی بونی هەیە كە لە شارەكانی هەولێر و دهۆك ئەو كێشەیە بەدی ناكرێت.