لەكاتێكدا قەیرانی ئابوری تەنگی بەتوركیا هەڵچنیوە، سەرۆك كۆماری توركیا هەوڵی دروستكردنی كۆشكێكی نوێ دەدات بۆ خۆی.
رۆژنامەی زەمانی توركی بڵاویكردۆتەوە لەكاتێكدا بەهۆی سزاكانی ئەمریكاوە قەیرانێكی دارایی سەخت روبەڕووی توركیا بۆتەوە كە خەریكە دامەزراوە رەسمییەكانی دەوڵەت پەكدەخات، بەڵام رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆك كۆماری توركیا لەوتەیەكیدا لەپارێزگای بتلیس رایگەیاند: پلان دادەنێت بۆ دروستكردنی كۆشكێكی نوێی سەرۆكایەتی لە شارۆچكەی ئەخلات –ی مێژوویی , ئەوەش سەرباری ئەو كۆشكە سەرۆكایەتییەی بە بەهای چەندین ملیار دۆلار لەئەنكەرەی پایتەخت دروستیكرد كە هەزار ژووری تێدایە.
ئەردۆگان وتی كۆشكە نوێیەكەی دروستی دەكات لەسەر روبەڕی زیاتر لە 8 دۆنم دەبێت و لەلایەن دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەیی رەگەزپەرست- مەهەپە- پێشنیازی بۆ كراوە.
بەشێكیش لەرەخنەگران ئەم هەڵسوكەوتەی ئەردۆگان بەهاوشێوەی هەڵسوكەوتەكانی سەدام حسێنی دیكتاتۆرەكەی عیراق وێنا دەكەن كە لەكاتێكدا گەمارۆی ئابوری لەسەر عیراق بوو، سەدام كۆشكی نوێی بەكەرەستەی گرانبەها بۆ خۆی دروست دەكرد.