ئەردۆغان: تورکیا دیوارێکە، ئەگەر ئەو دیوارە بڕووخێت رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەرەس دەهێنێت



سەرۆک کۆماری تورکیا هۆشداریی لە هەرەسهێنانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تەواوی دەدات و بەهای لیرەی تورکیش بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی زۆر دابەزیوە.

سەلەبەیانیی رۆژی دووشەممە 27/8/2018، لە بازاڕەکانی دراوی جیهانی (بۆرسە)، بەهای 100 دۆلاری ئەمریکی بەرامبەرe بە 600.66 لیرە.

رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە شاری مووش لە باکووری کوردستان رایگەیاندووە، دابەزینی بەهای لیرەی تورکی ”شەڕێکی ئابوورییە” و بەسەر تورکیادا سەپێندراوە.

رەجەب تەییب ئەردۆغان هۆشداریی لەوە داوە، کە تورکیا دیوارێکە، ئەگەر ئەو دیوارە بڕووخێت، ئەوا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەفریقیا، ئاسیای ناوەڕاست، بەلقان و  قەوقازیش هەرەس دەهێنن و نامێنن.

بەهۆی سەپاندنی رسوماتی گومرگیی زیاتر بەسەر کاڵا تورکییەکانەوە لەلایەن ئەمریکاوە، ئابووریی تورکیا شڵەژاوە و لیرەی تورکی %40ـی بەهاکەی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی لە دەست داوە.

دابەزینی بەهای لیرەی تورکی بەهۆی دروستبوونی کێشەیە لەنێوان ئەمریکا و تورکیا، کە زۆرتر بەهۆی قەشەیەکی ئەمریکییەوەیە.

کێشەکان زۆرتر بەهۆی دەستبەسەرکردنی قەشە ئەندرۆ برانسۆن لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیاوە دروست بوون، کە حکوومەتی تورکیا بە سیخوڕیکردن بەسەر تورکیا و هاوکاریکردنی فەتحوڵڵا گیولەن، رێبەری بزووتنەوەی خزمەت، تۆمەتباری دەکات.

پێشتر دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بەهۆی ناکۆکییەکانییەوە لەگەڵ تورکیا، بڕیاری لادانی بەخشینی تورکیای لە رسووماتە گومرگییەکان دابوو، بەمەش زیانێکی گەورەی دارایی بە کەلوپەلی هەناردەی تورکیا بۆ ئەمریکا دەگات، کە زیانەکە دەگاتە نزیکەی یەک ملیار و 700 ملیۆن دۆلار.

قەشە ئەندرۆ برانسۆن، کە قەشەیەکی ئەمریکییە و لە تورکیا دەژی، نزیکەی دوو ساڵە بە تۆمەتی هاوکاریکردنی گرووپی فەتحوڵڵا گیولەن، لە ماڵەکەی خۆی لە شاری ئیزمیر لە تورکیا، دەستبەسەر کراوە.

حکوومەتی تورکیا فەتحوڵڵا گیولەن بە پیلاندانان بۆ کودەتا شکستخواردووەکەی بەشێک لە فەرماندەکانی سوپای تورکیا لە تەمموزی 2016 تۆمەتبار دەکات و داوا لە ئەمریکا دەکات بینێرێتەوە تورکیا، کە ئێستا لە ویلایەتی پەنسلڤانیا دادەنیشێت.