چیرۆکی ملیاردێرێکی کورد لە زاری نیۆیۆرک تایمزەوە

حەمید ئۆلۆکایا پەنابەرێکی کوردی تورکیا پێش 24 ساڵ کە چووە ئەمریکا تەنها 3 هەزار دۆلار لە گیرفانیدا بوو بەڵام ئێستا کارخانەی ماستی ئەو بازرگانە کورد داهاتی ساڵانەی دەگاتە یەک ملیار و 500 ملوێن دۆلار.
حەمید ئۆلۆکایا ئەو پەنابەرە کوردەیە کە تەنها پارە و داهاتە سەرسوڕهێنەرەکەی ناوبانگی بۆ دروست نەکردووە بەڵکوو ئەوەی ناوی ئۆلۆکایای بەرز کردۆتەوە ئەوەیە کە کە ئەو پەنابەرە کوردە لە کارخەکەیدا پەنابەری وڵاتانی جۆراوجۆر دادەمەزرێنێت و ئەوەش وای کردووە حیزبی ڕاستی ئەمریکا ڕەخنەی لێبگرن.

حەمید ئۆلۆکایا گەورەترین بەرهەمهێنەری ماستی یۆنانییە و بە نیۆیۆرک تایمزی راگەیاندوە کە پەنابەرێکی کوردە کە لەگەڵ بنەماڵە و خزم و کەسوکارەکەی لە ناوچە کوردنشینەکانی تورکیا شوان بووە بەڵام ناڕەزایی لە دۆخی سیاسی و ئابووریی تورکیا وەکوو زۆرینەی هاووڵاتی و هاوزمانەکانی خۆی ڕێچکەی غەریبایەتیی گرتۆتە بەر و دەچێتە ئەمریکا بۆ ئەوەی هەم خولیاکەی خۆی بێنێتە دی و هەم بە مسۆگەرکردنی گەورەترین برەندی ماستی شوانی ببێتە شەریکی خولیا ئەمریکییەکەی ئەمریکا.

ساڵی 1994 کە ئۆلۆکایا هاتە ئەمریکا تەنها 3 هەزار دۆلاری پێ بوو و ساڵی 2007 کارخانەیێکی بەرهەمهێنانی ماستی لە تەندەردا بردەوە ئەو کارخانەیەی کڕی و ئێستا هەزاران کرێکار کاری بۆ دەکەن و ئێستا چیتر ئۆلۆکایا پەنابەرێکی بێ دەسەڵات نییە بەڵکوو یەکێکە لە ملیاردرەکانی ئەمریکا و فرۆشی ساڵانەی شیرەمەنیی ئەو بازرگانە کوردە بەتایبەت ماستەکەی دەگاتە یەک ملیار و 500 ملوێن  دۆلار.

ئۆلۆکایا دەڵێت لە تورکیاش کێشەی پارە و مەڕوماڵاتی نەبوو لە بەر ئەوەی ئەگەر تەنانەت کەسێک لە گوندەکەیدا هەموو مەڕوماڵاتەکەشی گورگ بیخواردایە هەر ماڵە و یەک سەریان دەدایە ماڵی زیانلێکەوتوو و بەو شێوازەش بەیانیی ڕۆژی دواتر دەبوویە خاوەن لەتە و ڕانێکی بچووک. بەڵام ئۆلۆکایا کێشەی لەگەڵ ئەو سیستەمە سیاسییە بووە کە چەڵەمەی بۆ کورد دروست کردووە بۆیە وازی لە مەکتەب هێناوە و پەنای بۆ غوربەت هێناوە.

باوکی ئۆلۆکایا دەڵێت کوڕم لە ئەمریکاش دەست بکە بە بەرهەمهێنانی پەنیر هەر وا کە لە تورکیا دەتکرد بەڵام ئۆلۆکایا بە باوکی دەڵێت من 2 هەزار مەیل لە تورکیا دوور نەکەوتوومەتەوە کە لێرەش هەمان ئیشی گوندەکەی خۆم بکەم. بەڵام گەردوون وای چارە لێدابوو کە ئەو بازرگانە کوردە هەر بە پیشەکەی ماڵە باوانی ببێتە ئەو کەسەی ئێستا خاوەن کەسب و کار و کەسابەتی خۆیەتی و ئاوات و خولیاکانی هاتوونەتە دی.

ئۆلۆکایا کارخانەکەی بە 700 هەزار دۆلار کڕی و لەو کاتەدا ماستی یۆنانی تەنها یەک لە سەدی ماستی بازاڕی ئەمریکا بوو بەڵام ئێستا 50 لە سەدی ماستی بازاڕی ئەمریکا ماستی یۆنانییە کە کارخانەکەی ئۆلۆکایا بەرهەمی دەهێنێت.

ئەو بازرگانە کوردە دەڵێت: “کارخانەکەی من وەکوو ئەمریکایێکی بچووک وایە لەبەر ئەوەی بەشێک فەرمانبەرەکانم لە 19 وڵاتی جیهانەوە دامەزراندووە کە ژمارەیان دەگاتە نزیکەی 600 کەس و ئەوەش 20 لە سەدی کرێکارەکانی منن.”

هەمووان دەڵێن هۆشی بە کرێکارەکانییەوە هەیە. ئۆلۆکایا بڕوای وایە کە کرێکار بە سەعاتی 8 دۆلار و 9 دۆلار خانووی پێ ناکڕدرێت و باشترین ڕێگا بۆ دەوڵەمەند کردنی کرێکارەکان ئەوەیە بیانکات بە شەریکی خۆی لە داهاتی کارخانەکەی بۆ ئەوەی داهاتووی خۆیان و مناڵەکانیان تەئمین بکەن. بۆیە ئەو کارەی لەگەڵ کردوون و کرێکارەکانی ئەو کارخانەیە لە داهاتی کارخانەکە خاوەن پشکن.