گۆڤاری “سڤیل” بڵاویكردهوه پێنج ژنی كورد دوای بەشداریكردن لەدووەم كۆنگرەی كۆڕبەندی نێودەوڵەتی ژنانی خاوەنكاری قەتەر لەساڵی 2011، بیرۆكەی دروستكردنی كۆمەڵەیەك تایبەت بەژنانی سەرمایەدار و بازرگانی كوردستانیان گۆڕیەوەو لەساڵی 2012 دوای وەرگرتنی موڵەتی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی ناوخۆ كۆمەڵەی خانمە كارسازەكانی كوردستانیان دروستكرد.
فەردا جەمیل سەرۆكی كۆمەڵەی خانمە كارسازەكانی كوردستان به گۆڤارهكهی راگهیاندووه كە لەڕێگەی كۆمەڵەكەیانەوە دەیانەوێت بڵێن كە ژنی كورد ئەگەر دەرفەتی بۆ بڕەخسێت، خاوەن كەسایەتی و شارەزایی خۆیەتی لەبواری بازرگانی وەك هەموو بوارەكانی دیكە.
فەردا لەگەڵ ئەوەی باس لەوە دەكات، داواكاری زۆری ژنان هەیە بۆ ئەوەی ببنە ئەندام لەكۆمەڵەكە، بەڵام دەڵێ كۆمەڵەكەیان كۆمەڵێك مەرجی هەیە، كە پێویستە هەریەك لەم مەرجانەی تێدا بێ، وەك (خاوەنی كۆمپانیایەكی تایبەت بەخۆی بێت، چەند ئافرەتێك لەكۆمپانیاكەی كار بكات، ئەندامی ژووری بازرگانی و پیشەسازی بێت، ساڵێك تا دوو ساڵ بێت كۆمپانیاكەی دامەزراندبێت).
سەبارەت بەئاستی سەرمایەی ئەندامەكەو كاریگەری لەوەرگرتنی لەكۆمەڵەكەیان، سەرۆكی كۆمەڵەكە ئاماژە بەوە دەكات، كۆمەڵەكەیان گرنگی بەئاستی سەرمایەی ئەندامەكانی نادات، بەڵام بەلایانەوە گرنگە ئەو مەرجەكانی دیكەی تێدابێت.
فەردا باس لەوە دەكات، كە لەكوردستان رێژەی ژنانی بازرگان و خاوەن سەرمایە رۆژبەڕۆژ لەزیادبووندایەو ئاشكراشی دەكات كە ملیۆنێری ژن لەكوردستان هەیە، وتی “ژنی ملیۆنێر لەكوردستان بوونی هەیە، بەڵام بەنهێنی كاردەكات و دیار نییە، بەڵام لەباكوری كوردستان رێژەیەكی زۆر ژنی ملیۆنێری كورد هەیە”.
لە هەولێر ئافرەت هەیە 17 خانوی هەیە
فەردا نمونەیەك دەهێنێتەوە، كە ژنی بازرگان و خاوەن سەرمایە لەكوردستان بوونی هەیە، دەڵێ “لەماوەی رابردوو رۆیشتمە ماڵێك لەگەڕەكی شۆرش لەهەولێر، ژنێك دەیوت خاوەنی 17 خانووە، كە داویەتی بەكرێ”.
35%ی زەوی تاپۆی یەك و دووی هەولێر بەناوی ژنانەوەیە
ههروهها دهڵێت “بەپێی ئامارێكی تاپۆی یەك و دوو لەهەولێر، 35%ی زەوییەكانی سنوری ئەو تاپۆیانە بەناوی ژنانەوە، كە ئەمە داتایەكی زۆر بەرزە لەچاو وڵاتانی ناوچەكە”.
ژنانی كورد لەڕووی زێڕەوە لەهەموو ژنانی جیهان دەوڵەمەندترن
فەردا نیگەرانی خۆی لەوە دەربڕی، كە زۆر لەژنانی كورد پارەكانیان كردووە بەئاڵتون و لەماڵەوە هەڵیانگرتووەو دەڵێ “دەتوانین بڵێین ژنانی كورد لەهەموو ژنانی جیهان لەڕووی زێڕەوە دەوڵەمەندترن”.