کانیاوی خوێی سروشتی لە بارزان باشترین جۆری خوێی بەرهەم دەهێنێت لەسەر ئاستی عێراق




زیاتر لە ٣٠٠ ساڵە دانیشتوانی گوندی پیران خوێیان لە بازاڕ نەکڕیوە، ئەمە بەرھەمی کانیاوێکە، بەپێی لێکۆڵینەوەکان باشترین جۆری خوێی سەر ئاستی عێراق و ناوچەکەیە.

لە گوندێکی سەر بە قەزای مێرگەسور لە ناوچەی بارزان سەربە پارێزگای ھەولێر کانیی خوێی سروشتی بەرھەمی یەک تۆن خوێی رۆژانە دەدات، ھاوکات پێداویستی زیاتر لە ھەزارو ٢٠٠ ماڵ لە ناحیەی پیران لە دەڤەری بارزان و ناوچەکە لە خوێ دابین دەکات.

پێشتر گوێمان لە ناوبانگی باشی بەرھەم و کوالێتی خوێی پیران ببوو، بەڵام سەختی رێگاکەی وایکردبوو گەیشتنمان بۆ ئەم شوێنە ئەستەم کردبوو، بۆیە بە ھاوڕێیەتی یاسین پیرانی موختاری پیران بیرۆکەکەمان کردە فاکتێکی دۆکیۆمێنتاری.

کانیاوێک بە قوڵایی زیاتر لە شەش مەتر گوندنشینان پەلکێش دەکات بۆ دەرھێنانی ئاو بە دۆلکە یان جلیکان.

رۆژانە ھەلێنجانی ٢٠٠ لیتر ئاو لەم کانیاوە سروشتییە بە شێوەی نۆرە بۆ خەڵکی گوندی پیران لە دەڤەری بارزان لە قەزای مێرگەسۆر.

چۆنیەتی دەرھێنانی بە شێوەیەکە پێویستی بە کاری ھەرەوەزییە، واتا کەسێک دەچێتە ناو کانیاوەکە و کەسێکی دیکەش لە سەرەوە بە کابلێک ئاوەکە رادەکێشێتە سەرەوە، دواتر ئاوەکە بە رەحەتییەکەوە دەپاڵێورێت و دەخرێتە ناو حەوزی کوڵاندنەوە و لە ھەر ٢٠ لیترێکی ئاوەکە ١٠ کیلۆگرام زیاتر خوێ بەرھەم دێت.

قۆناخی کوڵاندنی ئاوە سوێرەکە بە پلەیەکی گەرمی دەیان پلەی سلیزی لە گەرمای ٤٢ پلەیی وەرزی ھاوین وا دەکات خوێیەکە خێراتر ئامادە ببێت و ئاوەکەش زووتر وشک ببێت.

دواتر کۆکردنەوەی بە دەفرێکی بچووک و دانانی لە شوێنێک تا چپکەکان لێی خالی دەبن و بە تەواوەتی وشک دەبێت و دیسان قۆناخێکی دیکەی کوڵاندنەوەی دەست پێ دەکاتەوە.

کەسێک ئاگری کورەی ژێر دەفرەکە خۆش دەکات و ئەوەی دیکە ئاوە سوێرەکە بەپێی پێویستی دەخاتە ناو دەفرەکەوە، ھەروەھا یەکێکی دیکەش خوێیە دروستبووەکە لە ئاو جیادەکاتەوە.

کزەی دەنگی ئاوەکە نیشانەی کۆتایی ھاتنی قۆناخی کوڵاندنە، بۆیە دیسان دەست دەکرێت بە کۆکردنەوەی خوێیەکە و راستەوخۆش ئاوەکە وشک دەبێت و دەبێتەوە خوێ.

محەمەد مستەفا دانیشتووی پیرانەوتی: “ئەمە کانییەکی پیرۆزە بۆ ئێمە لە باپیرانەوە بۆمان ماوەتەوە و بەسەرھاتەکان ئاماژەن بۆ ئەوەی کە یەکەم کەس کە کانیاوەکەی دروستکردووە ناوی (شێخ یوسف) بووە کە پیاو چاکبووە و وەک کەسایەتییەکی ئایینی ناوھێنراوە”.

ناوبراو ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە بەر لە ٣٠٠ ساڵ شێخ یوسف دیواری ئەم کانییە خوێیەی داناوە و لەو کاتەوە تا ئێستا ھەر وەک خۆیان ماونەتەوە و نەڕووخاون، تەمەنم ٦٥ ساڵە رۆژێک نەبووە کە ئاوی ئەم کانییە وشک بوبێت، تەنھا لەم وەرزەی ساڵ ئاوەکەی کەم دەبێت.

لە لایەکی دیکەوە یاسین پیرانی موختاری پیران و سەرپەرشتیاری کارەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە کاتژمێر پێنجی ھەموو بەیانیەک دێین بۆ ئێرە و دەست بە کارەکانمان دەکەین، ھەروەھا دەشڵێت “ناوەکان بەڕیزبەندی دەنووسم و ھەر رۆژە و نۆرەی ماڵێکە واتا بەڕیزبەندە بۆ ئەوەی بەرھەمەکە بە یەکسانی دابەش بکەین”.

ھاوکات وتی: “کوڵاندنی خوێیەکە وایکردووە کە ھیچ جۆرە کاریگەرییەکی نەرێنی یان نەخۆشییەک دروست نەکات، بەڵکو بە پێچەوانەوەی بۆ چارەسەری زۆر نەخۆشی لە لایەن خەڵکی شارەکان داواکاری لەسەرە و وەک دیاری دەدەین بە دۆست و ناسیاوەکانمان”.

لە کۆتاییدا عەلی ئیبراھیم یەکێک لەو ھاووڵاتییانەیە کە بۆ پێویستی خۆی سەردانی شوێنەکەی کردبوو ووتی: “من لە دھۆک ھاتووم بۆ ئەوەی بڕێک لەم خوێیە ببەمەوە چونکە فشاری خوێنم ھەیە و ناتوانم خوێی دیکە بخۆم، ئەم خوێیە باشترینە چونکە دەکوڵێت و رێژەی یۆدەکەی کەمە، ھەروەھا بۆ نەھێشتنی ژان یان ئێشی ددان و لابردنی گیرەی ددانەکان سوودی زۆرە و داواکاری زۆری لەسەرە”.