نادر رۆستی: پێویستە لەگەڵ كەرتی تایبەت هاوكاربین تا زۆرترین گەشتیار روو لەكوردستان بكات


وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم رایگەیاند، پێویستە لەگەڵ كەرتی تایبەت هاوكاربین تا هەوڵ بدەین زۆرترین گەشتیار روو لەهەرێمی كوردستان بكات.

نادر رۆستی وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم رایگەیاندوە، ژمارەیەكی زۆر گەشتیار بەهۆی جەژنی قوربانەوە رووی لەهەرێمی كوردستان كردوەو لەگەڵ خاوەن هۆتێل‌و چێشتخانەكانیش قسەمان كردوە كە لەڕۆژانی جەژندا هۆتێل‌و چێشتخانەو شوێنە گشتیەكان بكەنەوە تا بە هەمووومان لەخزمەت گەشتیاراندا بین.

وتیشی: «بەداخەوە كۆمپانیاكانی گەشتیاری لەهەرێمی كوردستان هێندەی گەشتیار رەوانەی دەرەوەی وڵات دەكات نیو هێندە گەشتیار ناهێننە ناو هەرێمی كوردستانەوە، كە ئەمەش دەبێت چارەسەر بكرێت».

نادر رۆستی ئەوەشی خستەڕوو، بەپێی ستراتیژیەتی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم، هەوڵ دەدەین كەرتی گەشتیاری بكەین بە یەكێك لە سەرچاوەكانی داهاتی هەرێم، ئەوەش لەڕێگەی ئەنجامدانی كۆنفرانس‌و سیمینار لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەو هەروەها ئاشناكردنی خەڵكی بیانی بە ناوچەكانمان‌و شوێنە گشتییەكانمان لەڕێگەی سۆشیال میدیاو ئامرازەكانی راگەیاندنەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، دابەزینی لیرەی توركی‌و تمەنی ئێرانی كاریگەری هەیە لەسەر رێژەی گەشتیارانی توركیاو ئێران بۆ هەرێمی كوردستان‌و چاوەڕوان دەكرێت بە بەراورد بەساڵانی رابردوو گەشتیارانی ئێرانی‌و توركی لەم جەژنەدا كەمتر روویان لەهەرێمی كوردستان كردبێت، بەڵام بەهۆی ئەو ئارامییەی لەهەرێمی كوردستان هەیە هاتنی گەشتیارانی پارێزگاكانی خوارو و ناوەڕاستی عیراق بەردەوامە.