بەردەوامی وەستانی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان تورکیا و سلێمانی زیانی بە چەند کەرتێک گەیاندووە، لەنێویاندا کەمبوونەوەی هێنانی گۆشتی سوور بۆ پارێزگاکە.
داخستنی ئەو گەشتانە تاراددەیەکی زۆر کاریگەری نەرێنی لەسەر چەند کەرتێک هەبووە، لەوانە هاوردەکردنی گۆشتی سوور، بەو پێیەی بەروبوومی گۆشتی سوور لەنێوخۆی هەرێمی کوردستان و بە تایبەتیش لە سنووری پارێزگای سلێمانی بەشی ئەوە ناکات پێداویستییەکانی بازاڕ و هاونیشتمانیان پڕ بکاتەوە، بۆیە پەنایان بۆ هاوردەکردنی گۆشتی سوور بردووە.
دووان لەو وڵاتانەی کە بۆ هێنانی گۆشتی سوور پشتی پێدەبەسترێت، وڵاتی جۆرجیا و ئۆکراینایە، پێشتر کە ئەو ئاژەڵانە دەهێنرانە سلێمانی لەڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانییەوە دەهاتن، بۆیە بازرگانی ئەو بوارەدا بۆ هێنانی گۆشتی سوور و ئاژەڵ ئێستا پشت بە رێگەی زەمینی دەبەستن و بەشێک لەو ئاژەڵانە لە خاڵی سنووری نێودەوڵەتی باشماخ و بەشێکیش لە خاڵی سنووری ئیبراهیم خەلیلەوە دەهێنرێنە هەرێمی کوردستان، ئەمەش وایکردووە هاوردەی گۆشتی سوور کەمببێتەوە.
رووداو