ئاژانسێكی تایبەت بە پۆلێنی دارایی پێشبینی دەكات كە قەبارەی قەرزەكانی عێراق و ئاستی كورتهێنان لە بودجەكەی لە ساڵانی داهاتوو زیاد بێت، هاوكات وریایی دا لەوەی هەر زیادبوونێك لە قەرزەكانی رەنگە پلەبەندی لە پۆلێنی مسۆگەری دارایی ئەو وڵاتە دابەزێنێت.
ئاژانسی “ستاندرد ئاند بۆرز” لەو بارەوە رای گەیاند، لە ماوەی چوار ساڵی داهاتوودا ئاستی قەرزداری حكوومەتی عێراق زیاد دەكات و ئاماژەی كرد، بەو هۆیەوە كورتهێنان لە بودجە و حیسابی جاری زیاتر دەبن، وەك “رۆیتەرز” باسی لێوە كرد.
ئاژانسەكە دووپاتی كردەوە، ئێستە ئاستی مسۆگەریی دارایی عێراق لە پلەی (B/B-) لەگەڵ سەیركردنێكی ئەرێنی بۆ داهاتووی دۆخەكەی، واتە پێشبینی هەیە بەوەی رێوشوێنەكانی سیاسی لەو وڵاتە لە چوارچێوەی پڕۆگرامی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی توانای لەخۆگرتنی ئەو مەترسییانەی هەبێت كە رووبەڕووی توانای دارایی گشتیی عێراق دەبێتەوە.
ئاژانسەكە هاوكات وریایی دا لەوەی پۆلێنی عێراق دادەبەزێنێت ئەكاتی زیادبوونی زۆری قەرزەكانی حكوومەت یان خەرجییەكانی تایبەت بە قەرز، لەو كاتەی خەمڵاندنی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی ئاماژە دەكات كە قەبارەی قەرزی حكوومەتی عێراق بۆ ساڵی رابردوو گەیشتووەتە 123 ملیار دۆلار، واتە 63.8% لە كۆی داهاتی بەرهەمی ناوخۆیی.
لەو كاتەی سندووقەكە بەر لە ساڵێك پێشبینی كردبوو قەبارەی قەرزەكانی عێراق بۆ ئەمساڵ تا 132.4 ملیار دۆلار بەرز بێتەوە و لە 2020 بگاتە ئەوپەڕی كە 138 ملیار دۆلارە، بەر لەوەی دووبارە روو لە دابەزین بكات.