وتەبێژی دەستەی گەشتوزاری هەرێم رایگەیاند، لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا یەک ملیۆن و ٣٠٠ هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی کوردستان بەوەش هاتنی گەشتیار بۆ هەرێمی کوردستان ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمارکردووە.
نادر رۆستی، راگەیاندوە، لە ماوەی پێنج رۆژی جەژنی قورباندا ١٨١ هەزار گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە و بەروارد بە ساڵی رابردوو بە رێژەی لە سەدا ٢٤ هاتنی گەشتیار زیادیکردووە.
وتیشی، لەو رێژەیەش لە سەدا٨٢ ی گەشتیاری خوارو ناوەڕاستی عێراقن و لەسەدا ١٣ی گەشتیاری ئێرانین و لەسەدا ٥ی گەشتیاری جیهانی بوون.
دەشڵێت، کردنەوەی رێگای کەرکوک – هەولێر هۆکارێک بووە بۆ زیادبوونی هاتنی گەشتیاری عێراقی لەمساڵدا، بەڵام گەشتیاری بیانی کەمیکردووە بە هۆی داخستنی فڕۆکەخانەکانەوە.