لە کوشتارگەی سلێمانی لەماوەی سێ ڕۆژدا نۆھەزار ئاژەڵ سەربڕدراوە


ساڵانە بەتایبەت لەڕۆژانی پێش جەژندا زۆرترین ئاژەڵ سەردەبڕدرێت لە کوشتارگەکان خواست لەسەر گۆشتی سوور زیاد دەبێت، ئەمساڵیش نۆھەزار ئاژەڵ سەربڕدراوە.

فامی فایەق، کارمەندی بەڕێوە بەرایەتی ڤێترنەری سلێمانی لە کوشتارگەی سلێمانی ڕایگەیاند “لەچەند ڕۆژیک پێش جەژن ئاژەڵێکی زۆر دێتە کوشتارگە بۆ سەربڕین لەبەر ئەوەی ھاووڵاتیان بۆ جەژن گۆشت زۆر بەکار دەھێنن بەمەش خاوەن قەسابخانەکان ئاژەڵی زیاتر دێنن بۆ کوشتارگە و سەربڕین لە ڕۆژانی ئاسایدا زیاد دەکات”.

ڕاشیگەیاند “لە سێ ڕۆژی پێش جەژندا لە کوشتارگەی سلێمانی ٩٠٠٠ نۆھەزار سەر ئاژەڵ و ڕەشەووڵاخ سەربڕدراون بۆ بازاڕ و دوکانەکان کە گۆشت دەفرۆشن”.

ئاماژەی بەوەشدا، کوشتارگا بەڕوی ئەو کەسانەدا کراوەدەبێت کەدەیانەوێت قوربانی بکەن دەتوانن ئاژەڵەکانیان بھێنن تا بەشێوەیەکی تەندروست کوشتنیان بۆبکرێت و پشکنینیان بۆ بکرێت تا ھیچ لایەک مەترسی نەخۆشی لەسەر دروست نەبێت.