ترەمپ: ئەگەر من دادگایی بکرێم بازاڕەکانی ئەمریکا ھەرەسدەهێنن


سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ وەڵامی ئەو بانگەشانەی دایەوە کە گوایە “دادگایی دەکرێت” و وتی: “من ئەوەتان پێ بڵێم، ئەگەر بە ھەر شێوەیەک رێگای دادگایکردنم بۆ بکرێتەوە ئەوا بازاڕەکان ھەرەسدەهێنن و ھەموو کەس ھەژار دەبێت”.

ترەمپ لە كاتى بەشداری پرۆگرامێکی کەناڵی Fox Newsی ئەمریکی ھەڵسەنگاندنی بۆ ئەو بانگەشانە کرد کە لەبارەیەوە بڵاوکراونەتەوە.

ترەمپ بەرگری لەوە کرد کە ئەو وەک سەرۆکی ئەمریکا بە تایبەتی لە بواری ئابووری کاری باشى کردووە و وتیشی: “کەسێک کە کاری نایابی ئەنجام دابێت، چۆن رەوانەی دادگای دەکەن، نازانم”.

ترەمپ راشیگەیاند کە ئەگەر رێگای دادگایکردنی لێ بکرێتەوە ئەوا بازاڕەکانی ئەمریکا ھەرەسدەهێنن و ھەموو کەس ھەژار دەبێت.

لە دوای ئەوەی کە پارێزەری پێشووی سەرۆکی ئەمریکا، میشایل کۆھین رایگەیاند کە لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکان خۆی رادەستی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵی (ئێف بی ئای) دەکات و پاشانیش ھاوکاری دادگا دەکات لەمبارەیەوە ئەوا ترەمپ چەندین تۆمەتێکی ئاراستەی ناوبراو کردبوو.

لەلایەکی دیکەش چەند شارەزایەکی ئەمریکی کە لێدوانیان پێشکەش بە راگەیاندنەکانی ئەمریکا کردووە، بەرگری لەوە دەکەن کە ترەمپ یاساکانی ھەڵبژاردنی پێشێڵکردووە و بەشداری لە ئەنجامدانی چەند تاوانێکدا کردووە، بەمەش لەوانەیە دادگایی بکرێت. لە بەرامبەر ئەمەش ترەمپ رایگەیاندووە کە لەم قۆناغەدا ھیچ ھەڵەیەکی نەکردووە.