گەشتیارانی کوردستان وەکو دەرفەتی زێڕین سەیری دابەزینی بەھای تمەن دەکەن بۆئەوەی سەردانی ئێران بکەن


دابەزینی بەھای تمەنی ئێرانی، ئاراستەی گەشتیاری لەنێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران تەواو پێچەوانە کردوووەتەوە. ژمارەی ئەوانەی لە هەرێمی کوردستانەوە دەڕۆن چەند ھێندەی ئەوانەیە کە دێن و، ئامارە فەرمییەکان ئەوە دەخەنەڕوو: ئەوانەی ڤیزایان وەرگرتووە بۆ گەشتکردن، ژمارەیان کەمتر نەبووە لە سێ هەزار گەشتیار لە هەر رۆژێکدا.

ھاوسەر محەممەد، خاوەنی کۆمپانیای گەشتیاری دەڵێ “سەرەتای ھاتنی جەژنە، خەڵک بۆ گەشتکردن روودەکەنە دەرەوە، دووەم بەھۆی دابەزینی بەھای دراوی ئێرانییەوە، گەشتیاری زیاتر روودەکاتە دەرەوە، خواستی گەشتیار لەچاو ساڵی رابردوودا، گەر ساڵی رابردوو تاوەکو ئەم کاتە 10 ھەزار گەشتیار بووبێت، ئێستا 100 ھەزار گەشتیارە، لەسەرەتای مانگی ھەشتەوە ھیچ رۆژێک لە سێ ھەزار گەشتیار کەمتر نەبووە”. 

دابەزینی بەھای تمەن ھێشتا کاریگەری زۆری لەسەر ھاوردەکردنی کاڵا و شمەکی ئێرانی دروستنەکردووە، بەڵام خەڵکی وەکو دەرفەتی زێڕین سەیری دابەزینی بەھای ئەو دراوە دەکەن، تاوەکو گەشتی ئێران بکەن.

ئومێد ئەحمەد گەشتیارە و دەڵێ “من بۆ چارەسەر روودەکەمە وڵاتی ئێران، چونکە بۆ من زۆر نزیکە. لەگەڵ ئەوەشدا لەچاو وڵاتی تورکیا و ھیندستان تێچووی کەمترە”.

شاخەوان عەبدولکەریم، گەشتیارێکی دیکەیە و دەڵێ “چوارساڵێکە گوزەرانی خەڵک زۆر خراپە بەھۆی شەڕی نەگریسی داعش، نەماندەتوانی گەشتی وڵاتان بکەین، ئێستا مووچەی خەڵک باش بووە، بۆیە ھەلێکی باشە و ئێستا کە بەھای دراوی تمەن دابەزیوە، بۆ ئێمە زۆرباشە گەشتی ئەو وڵاتە بکەین”.

سەرکونسوڵی ئێران لە سلێمانی، ھۆشدارییەکەی باڵیۆزی عێراق لە تاران رەتدەکاتەوە، کە ھیچ گەشتیارێک دووچاری دزیکردن و ھێرشکردن بووبێتەوە لەو وڵاتە، لەگەڵ ئەوەشدا رایدەگەیەنێت ئاسایشی تەواو بۆ ھەموو گەشتیارێک دەستبەردەکەن تاوەکو گەشتەکەیان بە ئارامی بکەن.

سەعدوڵڵا مەسعودیان، سەرکونسوڵی ئێران لە سلێمانی دەڵێ “ئەمساڵ قەبارەی گەشتیارانی عێراق بۆ ئێران بەتایبەتیش ھەرێمی کوردستان، چەند ھێندەی ساڵی رابردووە. ئێمە وەکو کونسوڵخانەی ئێران دەڵێین، چوارجار و نیو ئەوەندەی ساڵی رابردووە، چوار جۆر گرووپ سەردانی وڵاتەکەمان دەکەن: گرووپی یەکەم بۆ بازرگانییە، گرووپی دووەم بۆ بینینی کەسوکاریان دەچن بەتایبەت بۆ شارە سنوورییەکان، گرووپی سێیەم بۆ چارەسەری پزیشکی و گرووپی چوارەمیش بۆ گەشتوگوزار دەچن”.

ئاماری گەشتیاران لە سنووری پارێزگای سلێمانی کە سەردانی رۆژھەڵاتی کوردستان و ئێرانیان کردووە لە مانگی 8ـی ئەمساڵەوە 39 ھەزار و 853 گەشتیارە، لەکاتێکدا لە مانگی 8ـی ساڵی رابردوو 10 ھەزار 623 گەشتیار بوو.