هەناردەى کاڵاى ئێران بەرزبوونەوەى بەخۆوە بینیوە

هەناردەى کاڵاى ئێرانى لەنێوان مانگەکانى ئازار و حوزەیرانى ئەمساڵدا بەرزبوونەوەى بەخۆوە بینیوە و هەریەکە لە چین و ئیمارات و عێراق و ئەفغانستان و کۆریاى باشور لە ریزى پێشەوەى وڵاتانى هاوردەکارانى کەلوپەلى ئێرانین.

ئاژانسی فارسى ئێرانى بڵاویکردەوە، لە مانگەکانى ئازار و حوزەیرانى ئەمساڵدا قەبارەى فرۆشی کاڵاى ئێرانى جگە لە نەوت، ١٥ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلارى تێپەڕاندووە.

ئەوەشى خستووەتە ڕوو، چین بە بڕى سێ ملیار و ٤٥ ملیۆن دۆلار و ئیمارات بە بڕى دوو ملیار و ٨٠٨ ملیۆن دۆلار و عێراقیش بە برى دوو ملیار و ٥٢٢ ملیۆن دۆلار بەرهەمى ئێرانییان هاوردەى وڵاتەکانیان کردووە.

فریشتە دەستپاک سەرۆکى سەنتەرى نیشتمانى بۆ بەرهەمهێنانى فەرش لە ئێران ڕایگەیاندووە، لەماوەى سێ مانگى ئەمساڵدا بە بەهاى ٣٨ ملیۆن دۆلار فەرشی ئێرانى ڕەوانەى بازاڕەکانى ئەمریکا کراوە و ساڵى رابردووش بەهاى هەناردەى فەرش بۆ ئەو وڵاتە گەیشتووەتە ٢١ ملیۆن دۆلار.

هاوکات بەهرۆز ئاغایی بەرێوەبەرى گشتى فەرمانگەى کاروبارى دەریاوانى لە پارێزگاکانى سیستان و بلوجستانى ئێران ڕایگەیاندووە، لە ماوەى ئەو سێ مانگەدا پرۆسەى هەناردە و فرۆشی کاڵاى ئێرانى لە باشورى رۆژهەڵاتى وڵاتەکەى ١٠٣% زیادى کردووە.

ئەوەش لەکاتێکدایە ئیدارەى ترەمپ سزاى ئابوورى توندى بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپاندووە، بەجۆرێک بەهاى دراوى ئێرانى بەرامبەر بە دۆلارى ئەمریکى نزمترین ئاستى لە مێژوودا تۆمارکردووە.