لیرەی توركی جارێكی دیكە دابەزی


لەژێر كاریگەری گوشارەكاندا ئەمڕۆ(پێنجشەممە) جارێكی دیكە بەهای لیرەی توركی دابەزینی بەخۆیەوە بینی كە ئەوەش هاوكاتە لەگەڵ بەردەوامی گرژییەكانی نێوان ئەمریكاو توركیا لەسەر چارەنوسی قەشە ئەمریكییە دەستبەسەركراوەكە، كە تا ئێستاش هیچ دەستپێشخەرییەك بۆ چارەسەر، بونی نییە.

ئەم دابەزینە نوێیەی بەهای لیرەی توركی هاوكاتە لەگەڵ لێدوانێكی وتەبێژی سەرۆكایەتی كۆماری توركیادا بۆ رۆیتەرز كە رایگەیاندوە واشنتۆن “شەڕی ئابوری” دژ بە توركیا دەستپێكردوەو رێز لەپرۆسەی دادگاییكردن “ناگرێت” لەپەیوەست بە قەشە ئەندرۆ بروسنۆن-ەوە كە ئەوەش “مایەی قبوڵ كردن نییە.”

بەپێی رۆیتەرز سەرلەبەیانی ئەمڕۆ(پێنجشەممە) لیرەی توركی بەڕێژەی لەسەدا 1.1 دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە و یەك دۆلاری ئەمریكی گەیشتۆتە 6.1000 لیرە لەكاتێكدا دوێنێ لەكاتی داخستنی بازاڕدا یەك دۆلار بەرامبەر بە 6.0330 لیرە بوە.

بەهۆی گرژییەكانی نێوان واشنتۆن و ئەنكەرەوە لەمساڵدا لیرەی توركی لەسەدا 38ی بەهای خۆی لەدەست داوە.