بۆ سه‌لماندنی‌ لایه‌نگری‌ بۆ ئه‌سه‌د، پیاوێک ژنه‌که‌ی‌ خۆی‌ ده‌کوژێت

پیاوێکی‌ سه‌ر به‌ پێکهاته‌ی‌ عه‌له‌وییه‌کان بۆ نیشاندان و سه‌لماندنی‌ لایه‌نگری‌ بۆ رژێمه‌که‌ی‌ به‌شار ئه‌سه‌د، هه‌ستا به‌ کوشتنی‌ ژنه‌که‌ی‌.
رۆژنامه‌ی‌ “شه‌رقولئه‌وسه‌ت” بڵاویکرده‌وه‌، “لبنی‌ مرعی‌” کچی ئه‌و پیاوه‌ که‌ چالاکوانێکی‌ عه‌له‌وییه‌ رایگه‌یاندووه‌ باوکی‌ که‌ ناوی‌ “کامل مرعی‌” یه‌ له‌ناوچه‌ی‌ “جبله‌” سه‌ر به‌ پارێزگای‌ لازقیه‌ هه‌ستاوه‌ به‌ کوشتنی‌ ژنه‌که‌ی‌ که‌ ناوی‌ “کنده‌ مسته‌فا” یه‌و ته‌مه‌نی‌ (49) ساڵه‌.
به‌وته‌ی‌ کچه‌که‌ی‌، هۆکاری‌ کوشتنی‌ دایکی‌ له‌لایه‌ن باوکی‌ یه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ باوکی‌ ویستویه‌تی‌ له‌و رێگه‌یه‌وه‌ لایه‌نگری‌ بۆ رژێمه‌که‌ی‌ به‌شار ئه‌سه‌د بسه‌لمێنێت.
رووداوی‌ کوشتنی‌ دایکی‌ ئه‌و کچه‌ له‌لایه‌ن باوکی‌ یه‌وه‌ دوای‌ مانگێک دێت له‌ هه‌ڵهاتنی‌ کچه‌که‌ بۆ تورکیا له‌ترسی ده‌ستگیرکردنی‌ له‌لایه‌ن رژێمه‌وه‌ دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ پشتیوانی‌ له‌ شۆڕشی‌ سوریا کردبوو.
“لبنی‌ مرعی‌” ده‌ڵێت پێشتر باوکی‌ هه‌ڕه‌شه‌ی‌ لێکردووه‌و پێی وتووه‌ ئه‌گه‌ر نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ سوریا دایکی‌ ده‌کوژێت، به‌ڵام ده‌ڵێت “بڕوام نه‌ده‌کرد باوکم به‌و شێوه‌یه‌ دڕنده‌ بێت”.