ئەمریکا سزای نوێ بەسەر رووسیادا ده‌سەپێنێت

وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا بە تۆمەتی “ھاوکاریکردنی مۆسکۆ لە چالاکییەکانی ھێرشی ئەلیکترۆنی بە مەبەستی بە ئامانجگرتنی ئەمریکا، سزای بەسەر دوو ھاووڵاتی رووسی و کۆمپانیایەکی رووسی و سلۆڤاکی دا سەپاند. 

بەپێی ئەو راگەیاندراوەی لەلایەن وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە، ھێرشە ئەلیکترۆنییەکانی رووسیا، مەترسی بۆ سەر ئەمریکا دروستکردووە. 

لە راگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە، کۆمپانیای Vela-Marine Ltd شاری مۆسکۆ و کۆمپانیای Lacno S.R.O وڵاتی سلۆڤاکیا بەھۆی بەشداریکردنیان لە چالاکییەکانی ھێرشی ئەلیکترۆنی بۆ سەر ئەمریکا، سزایان بەسەردا سەپێنراوە و ھاوکات دوو ھاووڵاتی رووسیش بە ھەمان ھۆکار خراونەتە لیستی سزادراوانی ئەمریکا. 

ئەم کەسانەی کە ناوبراون بە تۆمەتی ھاوکاریکردنی کۆمپانیای Divetechnoservices رووسی خراونەتە لیستی رەشەوە. 

لەلایەکی دیکەش وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا بە ھۆی پێشێلکردنی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەسەر کۆریای باکوور، سزای بەسەر دوو کۆمپانیای دروستکردنی کەشتی رووسی و شەش کەشتی دا سەپاند. 

ئەمریکا بە تۆمەتی ئەنجامدانی ھێرشی ئەلیکترۆنی بۆ سەر ھەڵبژاردنەکانی ٢٠١٦ی سەرۆکایەتی ئەمریکا، سزای بەسەر ژمارەیەکی زۆری کەس و دامەزراوەی سەر بە رووسیای دەرکردبوو، بەڵام رووسیا گشت ئەو تۆمەتانەی رەتکردبووەوە.