ئەمڕۆ سێشەم ئێران پەردەی لەسەر یەكەم فڕۆكەی جەنگیی لادا و بە وتەی میدیاكانی ئێران، تەواو خۆماڵییە و بە شێوەیەكی پێشكەوتوو دروست كراوە.
ناوی فڕۆكەكە كەوسەرە و حەسەن رووحانی سەرۆك كۆماری ئێران پێش فڕین و تاقیكردنەوەی فڕۆكەكە، چەند خولەكێك لە ناو فڕۆكەكە دانیشت و دواتر فڕۆكەكە بەرەو ئاسمان فڕی.
بەگوێرەی “بی بی سی” فڕۆكەكە لە لایەن وەزارەتی بەرگریی ئێران بەرهەم هێنراوە و خراوەتە خزمەتی سوپای پاسداران و ئەرتەش. حەسەن رووحانی لە رێوڕەسمەكە باسی لەوە كرد كە ئێران پێویستی بەوە هەیە لەرووی بەرگرییەوە خۆی بەهێز بكات، چونكە لە شوێنێكی هەستیاری جیۆگرافی هەڵكەوتووە و دوژمنانی ئێران چاویان تێی بڕیوە.
پێویستە بگوترێت لە ماوەی چوار دەیە، دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامیی ئێران بەشێكی بەرچاو لە بودجەی ئەو وڵاتە بۆ بواری سەربازی و بەرگری تەرخان كراوە.
ئێران پێشتر لە بواری بەرهەمهێنانی مووشەكدا هەنگاوی هاویشتووە و یەكێك لە كێشە سەرەكییەكانی ئەمەریكا لەگەڵ ئێران ئەوەیە پەرەی بە مووشەك داوە، لە كاتێكدا بەگوێرەی رێككەوتنی ناوكی، نەدەبوو لە بەرهەمهێنانی مووشەك بەردەوام بووایە.