ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕایگەیاند، ئاستی هەناردەی نەوت لەم مانگەدا لە باشووری عێراق لە هەڵکشاندایە و بەرەو تۆمارکردنی ژمارەیەکی پێوانەیی بەرز هەنگاو دەنێت، لە هەرێمی کوردستانیش بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینیوە.
ئاژانسەکە لە زاری چەند بەرپرسێکی کەرتی نەوت لە عێراق ئەوەی گواستەوە، لە ١٩ ڕۆژی سەرەتای مانگی ئابدا کۆی هەناردەی ڕۆژانەی نەوت لە باشووری عێرق گەیشتووەتە ٣.٧ ملیۆن بەرمیل، ئەمەش بەراود بە مانگی تەموز، ١٦٠ هەزار بەرمیل زیادیکردووە.
هەروەها ڕۆیتەرز لە سەرچاوەیەکی ترەوە ئەوەی گواستووەتەوە، ئاستی هەناردەی نەوتی عێراق لەم مانگەدا گەیشتووەتە سێ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار بەرمیل.
ڕۆیتەرز ئاماژەی بەوەشکردووە، ئاستی هەناردەکردنی نەوت لە باکوری عێراق(هەرێمی کوردستان) لەم مانگەدا لە ٣٠٠ هەزارەوە گەیشتووەتە ٣٥٠ هەزار بەرمیل ڕۆژانە.
بەرزبوونەوەی ئاستی هەناردەی نەوتی عێراق دوای ئەوە دێت لە ٢٢ی حوزەیرانی ڕابردوودا ڕێکخراوی ئۆپیک و ڕووسیا و بەشێک لە وڵاتانی تری بەرهەمهێنی نەوت رێککەوتن لەسەر نەگەڕانەوە بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت، ئەوەش واتە نزیکەی ملیۆنێک بەرمیل ڕۆژانە دەچێتە سەر ئاستی بەرهەمی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا.