سلێمانی ئاماده‌یه‌ بۆ پێشوازیكردن له‌ گه‌شتیارن


به‌مه‌به‌ستی هه‌ماهه‌نگی زیاتر له‌گه‌ڵ تیمه‌كانی گه‌شتوگوزار و لایه‌نه‌ ئه‌منیه‌كان، لیژنه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی سه‌ردانی مه‌یدانی بۆ شوێنه‌كان ده‌كات و سه‌رۆكی لیژنه‌كه‌ش ده‌ڵێت ” سلێمانی ئاماده‌یه‌ بۆ پێشوازیكردن له‌ گه‌شتیارن “

گۆران قادر، سه‌رۆكی لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی رایگه‌یاند؛ لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كان سه‌ردانی بازگه‌كانی پێشوازیكردن له‌ گه‌شتیارانی كردوه‌ كه‌ له‌لایه‌ن تیمه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گه‌شتوگوزاری سلێمانی به‌دابه‌شكردنی رێبه‌ری گه‌شتیاری و رێنمایی پێویست به‌رچاورونی به‌ گه‌شتیارن ده‌درێت.

وتی؛ به‌مه‌به‌ستی دڵنیابونه‌وه‌ له‌ ره‌وشی هاتنی گه‌شتیاران بۆ شاری سلێمانی به‌ شێوازێكی باش و نه‌بونی كێشه‌و گیروگرفت سه‌ردانی بازگه‌كانیان كردوه‌، له‌ بازگه‌كان به‌شێوازێكی جوان و شایسته‌ پێشوازی له‌ گه‌شتیاران ده‌كرێت.

ده‌رباره‌ی كردنه‌وه‌ی چێشتخانه‌و میوانخانه‌كان له‌ پشوه‌كانی رۆژانی جه‌ژن گۆران قادر وتیشی؛ پێشتر له‌لایه‌ن لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانه‌وه‌ ئاگاداری هه‌موو ئه‌وشوێنانه‌ كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌رۆژانی جه‌ژندا بكرێنه‌وه‌‌ و پێشوازی له‌ گه‌شتیاران بكه‌ن،‌‌ كۆمه‌ڵه‌ی چێشتخانه‌و میوانخانه‌كان به‌ده‌م داواكه‌مانه‌وه‌ هاتوه‌ و ناوی زیاتر له‌ سه‌د ریستۆرانت و چێشتخانه‌ی ناردوه‌ بۆ لیژنه‌هاوبه‌شه‌كان‌ له‌ رۆژانی ده‌كرێنه‌وه‌.
ده‌رباره‌ی رێگری كردن له‌ به‌رز بونه‌وه‌ی نرخ له‌ رۆژانی جه‌ژندا، راشیگه‌یاند؛ لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كان به‌هاوكاری به‌ڕیوه‌به‌رایه‌تی گه‌شتوگوزار رێگری له گران كردنی نرخه‌كان ده‌كات، به‌رزكردنه‌وه‌ی نرخ به‌سه‌رپێچی ئه‌ژمار ده‌كرێت و له‌لایه‌ن قائیمقامیه‌تی سلێمانیه‌وه‌ رێكاری یاسایی به‌رامبه‌ر ئه‌و شوێنانه‌ی نرخ به‌رزده‌كه‌نه‌وه‌ ده‌گیرێته‌ به‌ر.

هه‌روه‌ها؛ رۆژانی جه‌ژن زیاتر له‌ سی و پێنج نانه‌واخانه‌و فڕنه‌كانی سه‌مون كراوه‌ ده‌بن و خزمه‌تگوزاریه‌كانیان پێشكه‌ش به‌ هاوڵاتیان و گه‌شتیاران ده‌كه‌ن، له‌گه‌ڵ كردنه‌وه‌ی سه‌ربڕینخانه‌ی سلێمانی بۆ ئه‌وه‌ی‌ قوربانیكاران له‌ سه‌ربڕینخانه‌ی سلێمانی ئاژه‌ڵه‌كانیان سه‌ربڕن.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد؛ بۆ ناساندنی زوڵم و سته‌می سه‌رگه‌لی كورد و ناساندنی كلتوری كورده‌واری به‌ گه‌شتیاره‌كان له‌رۆژانی جه‌ژنی قوربانی پیرۆزدا مۆزه‌خانه‌كانی ئه‌منه‌ سوره‌كه‌ و مۆزه‌خانه‌ی سلێمانی پێشوازی له‌ گه‌شتیارانی شاری سلێمانی ده‌كات.