چۆنییەتی بەرهەمهێنان و سوودەکانی بنێشتی کوردیی

بنێشتی کوردیی وەک بەرهەمێکی خۆماڵیی لە هەرێمی کوردستان، بە چەند قۆناغێک بەرهەمدەهێنرێت و چەندین سوودیی تەندروستییشی هەیە.

ساڵانە لە وەرزی هاویندا لە ناوچەی هەورامان و پارێزگای هەڵەبجە، دەستدەكرێت بە دروستكردن و بەرهەمهێنانی بنێشتی کوردی، بنێشت لە داری قەزوان بەرهەمدەهێنرێت و چەندین سوود لە خۆی دەگرێت.

ناوچەی هەڵەبجە و هەورامان دەوڵەمەندن بە دەیان هەزار داری قەزوان، ئەم دارانە لە وەرزی بەهاردا دەیان تۆن قەزوانیان لێ بەرهەمدەهێنرێت و لە وەرزی هاوینیشدا بەرهەمی دووەمیان دەدەن، كە بنێشتی كوردییە.

بەرهەمهێنەرانی بنێشت ڕێگایەکی سەخت و دژوار دەبڕن تا دەگەنە ئەو ناوچانەی کە داری قەزوانی لێیە، زۆربەی ڕێگاکانیش بە وڵاخ یاخو بە پیادە دەبڕن.

قۆناغەکانی دروستکردنی بنێشتی کوردی

قۆناغی یەکەمی بەرهەمهێنانی بنێشتی كوردی بریتییە لە ئامادەكردنی خۆڵێكی ورد و سوور، دواتر ئەم خۆڵە تێكەڵ بە ئاو دەكرێت و دەبێتە قوڕێكی نیمچە خەست و لە دروستكردنی (كۆچەڵە)دا بەكاردەهێنرێت.

پاش ئامادەكردنی قوڕەكە دار قەزوانەكان بە تەوشییە (تەشویە) برینداردەكرێن و دواتر شیلەیەكی خەستی لێوە دەردەچێت و بە دارەكەدا دێتە خوارەوە، ئەوەش شیلەی بنێشتی كوردییە، دواتر بەو قوڕەی كە ئامادەكراوە بەربەستێك لەبەردەم شیلە بنێشتەکەدا دروستدەكرێت بۆ ئەوەی بنێشتەكە نەكەوێتە سەر زەوی و لەناو ئەو بەربەستە قوڕینەدا كۆدەبێتەوە.

دوای دانانی كۆچەڵەكان، ماوەی ١٥ ڕۆژ چاوەڕێ دەكرێت پاشان جارێكی تر لە هەمان شوێن دار قەزوانەكان بریندار دەكرێنەوە، كە پێی دەوترێت (دوو لەلە) دواتر بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژی تر چاوەڕوان دەكرێت بۆ ئەوەی بە تەواوەتی كۆچەڵەكان پڕ ببن لە بنێشت، پاشان لە بەیانییەكی زوودا خاوەن دار قەزوانەكان دەست دەكەن بە كۆكردنەوەی بنێشتەكە و دەیكەنە ناو دەبەی تایبەتەوە و پاش پاڵاوتن و كوڵاندنی بنێشتی كوردی لێ دروستدەكرێت.

بە وتەی ڕەفیق عەلی، کە بەرهەمهێنەرێکی بنێشتی كوردییە لە هەڵەبجە، ڕێژەی بەرهەمی بنێشت لە هەر دارێکی قەزواندا بە شێوەیەکە، کە ئەگەر دار قەزوانەکان بارودۆخێکی گونجاویان هەبێت، ئەوا هەر دارێك نزیكەی ١٠ بۆ ١٥ كیلۆگرام بنێشت بەرهەمدەدات.

لە دوای كۆكردنەوەی بنێشتە تاڵەكە لە كۆچەڵەكان و ڕۆكردنی لە تەنەكە و دەبەی تایبەتی، دواتر دەبرێتەوە بۆ ماڵەوە و لەوێش بە چەند قۆناغێك دەكرێت بە بنێشتی شیرین و ئامادەكراو، بە جۆرێك سەرەتا بنێشتە كۆكراوە تاڵەكە دەپاڵێورێت بۆ ئەوەی پاك بێتەوە و پاشان لە مەنجەڵێكی گەورەدا دەست بە كوڵاندنی دەكرێت.

كیلۆیەك بنێشتی تاڵ تێكەڵ بە نزیكەی ١٠ لیتر ئاو دەكرێت و پاشان بۆ ماوەی ٤٥ خولەك دەخرێتە سەر ئاگرێكی مام ناوەند تا ئەو كاتەی ئاوەكە بە تەواوی دەكوڵێت، پاشان وردە وردە ئاوەكە و بنێشتە تاڵەكە تێكەڵدەبن، دواتر قاپێك ئاوی سارد ئامادە دەكرێت و ئەو بنێشتەی كە ئامادە بووە و كەوتووەتە سەر ئاوە گەرمەکە دەردەهێنرێت و دەكرێتە ناو ئاوە ساردەكەوە، بەو شێوەیەش كۆتا قۆناغی بەرهەمهێنانی بنێشتی شیرین كۆتایی دێت و دواتر بە شێوەی پارچەی گەورە و بچوك دەخرێتە بازاڕەكانەوە.

بە دوو شێوە بنێشتی کوردی ئامادە دەكرێت و دەفرۆشرێت، شێوەی یەكەم هەر بە تاڵی و بەبێ دەستكاری دەفرۆشرێت، کە ئەوەیان زیاتر بۆ دروستكردنی دەرمان بەكاردێت، شێوەی دووەمیش بنێشتی شیرینە، کە بنێشتەکە دەكوڵێندرێت و دەخرێتە بازاڕ و بۆ خواردن بەكاردێت.

ئەمساڵ لە چاو ساڵانی ڕابردوودا نرخی بنێشتی کوردی بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە، بە جۆرێک ئەمساڵ هەر كیلۆیەك بنێشتی ئامادەكراو لە بازاڕدا بە نزیكەی ٢٠ هەزار دینار دەفرۆشرێت، بەڵام لە سێ‌ ساڵی ڕابردوودا كیلۆیەك بنێشت نزیكەی ٤٥ هەزار دینار فرۆشراوە.

سوودەکانی بنێشتی کوردی

بنێشتی کوردی بۆ چارەسەری چەندین نەخۆشی بەكاردەهێنرێت، سەرچاوە زانستییەكانی بواری پزیشكیی ئەوە دەخەنەڕوو، کە بنێشتی كوردی بە تاڵیی ماددەیەكی سەرەتایی و كەرەستەیەكی خاوی گرنگە بۆ دروستكردنی چەندین جۆری دەرمان، واتە بەكارهێنانی بڕێك لە بنێشتی تاڵ بە تێكەڵكردنی لەگەڵ ماددەكانی تردا دەبێتە هۆی دروستبوونی چەند جۆرێكی دەرمان، كە سوودیان لێوەردەگیرێت بۆ نەخۆشییەكانی گەدە و ساڕێژكردنی برین.

هاوكات شێوەكەی تریش كە پێیدەوترێن بنێشتی شیرین بەكاردەهێنرێت بۆ كەمكردنەوەی ئازاری گەدە، خواردنی بنێشتی كوردی لەبەرئەوەی ڕێژەی شەكری كەمە، یارمەتیدەرە بۆ پاككردنەوەی دەم و ددان و خێراكردنی كرداری هەرسكردن و زۆرجاریش دەبێتە هۆی ڕێكخستنی بیركردنەوەی مرۆڤەكان.