قوباد تاڵەبانی: دەبێت كوردستان پەرە بە كەرتی كشتوكاڵ بدات


قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان هۆشداریدا لە خراپی دەرئەنجامەكانی پشتبەستنی بەردەوام بە نەوت وەك سەرچاوەی دارایی.

قوباد تاڵەبانی لەمیانی رێوڕەسمی دابەشكردنی خەڵات بەسەر بەشداربووانی قۆناغی دووەمی پرۆژەی گەنج و کشتوکاڵ كە لە قەزای دوكان بەڕێوەچوو رایگەیاند هەموو كابینەكانی حكومەتی هەرێم جەختیانكردۆتەوە لەوەی ئەولەویەت دەەدن بە كەرتی كشتوكاڵ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بودجەی پێویستی بۆ تەرخان نەكراوە.

بەپێویستیشزانی كە هەرێمی كوردستان بایەخ به‌كه‌رتی كشتوكاڵی بدات و ئه‌وه‌نده‌ پشت به‌داهاتی نه‌وت نه‌به‌ستێت كە بە “شێرپەنجە” وەسفیكرد و رایگەیاند ده‌بێت خۆمان له‌ شێرپەنجەی نه‌وت رزگار بكه‌ین و وانه‌ وه‌ربگرین له‌هه‌ڵه‌كانی رابردوومان، چونكە نەوت دەكەوێتە ژێر هەژموونی بازاڕەكانی جیهانەوەو ئێمەش لە وڵاتێكداین كە پڕە لە كێشەی سیاسی، بۆیە زۆر مەترسیدارە كە چارەنووسی خۆمان بخەینە نێو بەرمیلێك نەوتەوە.

جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان جەختیشیكردەو لەسەر گرنگیی جۆراوجۆركردنی سەرچاوەكانی داهات و رایگەیاند ئابوورییەكی بەهێز ئابوورییەكی هەمەجۆرەو بوونی ئابوورییەكی بەهێزیش كوردستانێكی بەهێز دروست دەكات.