ژمارەی کڕیارانی ئایفۆن لەتورکیا هیچ دابەزینێکی تۆمار نەکردووە

هەفتەی رابوردوو ئەردۆگان داوای لە هاوڵاتیانی وڵاتەکەی کرد کە بایکۆتی ئامێرە ئەلیکترۆنییە ئەمەریکاییەکان بکەن وەک وەڵامێک بۆ گەمارۆکانی ئەمەریکا، بەڵام بەپێی ئەو ئامارانەی وەکیلەکانی کۆمپانیای ئەپڵ ئاماژەیان پێداوە هیچ گۆڕانکارییەک لە فرۆشتنی مۆبایلی ئایفۆن رووی نەداوە.

ئاژانسی سپۆتنیکی رووسی بڵاویکردووەتەوە کە ژمارەی کڕیارانی مۆبایلی ئایفۆن هیچ دابەزینێکی تۆمار نەکردووە و نرخ و کڕیارەکان وەک خۆیان ماونەتەوە.

یەکێک لە وەکیلەکانی ئایفۆن لە ئەنقەرەی پایتەختی تەرکیا ئاماژەی بەوە کردووە، کە ژمارەی فرۆشتنی مۆبایلی ئایفۆن لە شارەکە کەم نەبووەتەوە، هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە، کە لە هەر 10 کەس 3 کەس مۆبایلی ئایفۆن دەکڕن و 7 کەسەکەی تر جۆرەکانی تری مۆبایل بەکاردێنن.

هەروەها فرۆشیارێکی تری مۆبایلی ئایفۆن ئماژەی بەوە کردووە کە مۆبایکی ئایفۆن لەلایەن چینە جیاجیاکانی کۆمەڵگەی تورکییەوە بەکاردەهێنرێن و هەندێک کەس ئامادەن ئەوەی پێیانە بیدەن بە مۆبایلێکی ئایفۆن بۆ ئەوەی وەک دەوڵەمەند دەرکەون و داواکارییەکەی ئەردۆگان هیچ جیاوازییەکی لە بازاڕدا دروست نەکردووە.