بەهۆی قەرزارییەوە کارەبای چاڤى لاند بڕدرا


وته‌بێژى بەڕێوەبەرایەتیی كاره‌باى سلێمانى، ئاماژە بەوە دەدات، كه‌ به‌هۆى ئه‌وه‌ى قه‌رزێكى زۆرى كاره‌باى نیشتمانییان له‌سه‌ر كه‌ڵه‌ بووه‌، كاره‌باى چاڤى لاندیان بڕیوه‌.

سیروان محه‌مه‌د، وته‌بێژى بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كاره‌باى سلێمانى،  ڕاگه‌یاندوە: ”دواى ئه‌وه‌ى له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتی كاره‌بای سلێمانی، به‌ فه‌رمانی ژماره‌ (4595) له‌ 17/7/2018 كۆمپانیای چاڤی لاند، کە شاسوار عەبدولواحید خاوەنیەتی، ئاگادار كردووەتەوه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر ئاماده‌ نه‌بێت پاكتاوی قه‌رزه‌كه‌یان كه‌ زیاتر لە 815 ملیون دینار بکات، ‌‌ئه‌وا كاره‌بای ده‌بڕدرێت، به‌ڵام ئه‌وان ئاماده‌نه‌بوون كه‌ پاره‌ی كاره‌باكه‌ بده‌ن، بۆیه‌ كاره‌باكه‌یان بڕدراوه”‌.

وته‌بێژى بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كاره‌باى سلێمانى، ئەوەشی خستە روو، کە ئه‌و پاره‌یه‌ى كه‌ له‌سه‌ریان كه‌ڵه‌بووه‌ هى  زیاتر له‌ 5 ساڵه‌ و كار ئاسانییان بۆیان كراوه کە‌ به‌ قیست بیدەن، به‌ڵام پابه‌ند نه‌بوون به‌ ڕێنایى و بڕیاره‌كه‌.

ئاشكراشى كرد، كه‌ چه‌ند شوێنێكی دیكه‌ی سه‌ر كۆمپانیاى نالیا 100 ملیۆن دیناری كاره‌با قه‌رزارن و كاره‌باكه‌شیان نه‌بڕدراوه‌، بۆیه‌ به‌رنامه‌مان هه‌یه‌ له‌مه‌ودوا كاره‌باى ئه‌وانیش ببڕین.