ترامپ: سعودیە و وڵاتە دەوڵەمەندەکانی تر پارەی کۆمەکی سوریا دەدەن

دۆناڵد ترامپ رایگەیاند: ئەمریکا پارەی کۆمەککردنی ناوچە رزگارکراوەکانی سوریای راوەستاندووە و سعودیە و وڵاتە دەوڵەمەندەکانی تری خۆرھەڵاتی ناوەڕاست لەبری ئێمە ئەو پارەیە دەدەن.

سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی تەرخانکردنی ٢٣٠ ملیۆن دۆلار بۆ کۆمەکی ئاوەدانکردنەوەی ناوچە رزگارکراوەکانی سوریا، لە پەیامێکیدا لە تویتەر نووسیویەتی: ئەمریکا کۆتایی ھێنا بە خەرجکردنی ٢٣٠ ملیۆن دۆلاری ساڵانە بۆ بنیاتنانەوەی سوریا.

ئاماژەی بەوەشداوە: عەرەبستانی سعودی و وڵاتە دەوڵەمەندەکانی تری خۆرھەڵاتی ناوەڕاست لەبری ئەمریکا پارەکە دەدەن.

ترامپ لەبارەی ئامانجی ئەم ھەڵوێستەی رایگەیاندووە: من دەمەوێت پەرە بە ئەمریکا و سوپاکەمان و ئەو وڵاتانە بدەم کە یارمەتیمان دەدەن.

وڵاتانی ھاوپەیمانی ئەمریکا، لەسەر داوای ترامپ، بڕی ٣٠٠ملیۆن دۆلار بۆ ئاوەدانکردنەوەی ناوچە ئازادکراوەکانی ژێر دەستی داعش تەرخان دەکەن، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندووە: سعودیە ١٠ ملیۆن دۆلار و ئیمارات ٥٠ ملیۆن دۆلاری بۆ سەقامگیریی سوریا تەرخانکردووە، ئەڵمانیا و دانیمارک و ئوسترالیا و یەکێتیی ئەوروپا و  ئەڵمانیا و فەرەنسا و تایوان کوەیتیش بەشدارن لە کۆمەکەکەدا.