پارێزگاری كەركووك بە وەكالەت رای گەیاند كە لە رۆژانی داهاتوودا دوو خاڵی گومرگی لە دەروازەی پارێزگای كەركووك بە ئاراستەی هەردوو پارێزگای هەولێر و سلێمانی داەنرێن.
بە پێی بەیاننامەیەكی پارێزگای كەركووك ئەمڕۆ شەموو راكان جبووری لەگەڵ شاندێكی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و سەركردایەتیی ئۆپراسیۆنی هاوبەش پرسی كردنەوەی خاڵی پشكنینی گومرگی لەسەر رێگەی كەركووك –هەولێر و كەركووك-سلێمانی و كردنەوەی رێگەی كەركووك-هەولێریان باس كردووە.
بە پێی بەیاننامەكە دووپات لە گرنگی كردنەوەی رێگەی كەركووك-هەولێر كراوە بەپێی لێكگەیشتن و هاوئاهەنگی لە نێوان نوێنەرانی هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و عێراقی فیدراڵ بە مەبەستی رێكخستن و ئاسانكردنی هاتوچۆی جوڵەی گەشتیاران و بازرگانی و نەخۆشان.
هەروەك لە بەیاننامەكەدا هاتووە، هەروەها باسی كردنەوەی دوو خاڵی گومرگی كراوە یەكێكیان بە ئاراستەی هەولێر و ئەوەی تریان بە ئاراستەی سلێمانی و بەو شێوەیە داهاتی دەوڵەت لەو رێگەوە لە بەهای كاڵاكان بە رێژەی 5% بۆ حكوومەت و 1% بۆ پارێزگاكە زیاد دەكات، كە لە رۆژانی داهاتوو دەكرێنەوە دوای دابینكردنی هەموو پێویستییەكان.