عێراق سێیەمین وڵاتی ھاوردەکارانی کەلوپەلی ئێرانییە و لە چوار مانگی رابردوودا بە بڕی دوو ملیارو ٥٠٠ ملیۆن دۆلار کاڵای لەو وڵاتەوە ھاوردەکردوە.
بەپێی ئەوراگەیەنراوە رەسمییانەی میدیاکانی ئێران بڵاویانکردونەتەوە، ھەناردەکردنی کەلوپەلی ئێرانی لەماوەکانی نێوان ٢١-٣ تا ٢٢-٧ی ئەمساڵ، بڕەکەی ١٥.٤٥ ملیار دۆلار بوە کە رێژەی گەشەسەندنی ھەناردەکردن بەپێی پێوەری ساڵانە ١٤.٧%.
ئەوەشخراوەتەروو، بەپێی ریزبەندی ھەریەک لە وڵاتەکانی چین، ئیمارات، عێراق، ئەفغانستان و کۆریای باشور لەو وڵاتانەن کە ھاوردەی کەلوپەلی ئێرانیان کردوە لەو ماوەیەدا، بە بەراورد بە ساڵی ٢٠١٧ش ھەناردەی کەلوپەلی ئێرانی ١٣.٤٧١ ملیار دۆلاری تێپەڕاندوە.
ھەر بەپێی ریزبەندییەکە، عێراق پلەی سێیەمی لەدوای ئیماراتەوە گرتوەو لەماوەی چوارمانگدا بە رێژەی ١٦.٣% و بەبڕی ٢.٥٢٢ ملیار دۆلار کەلوپەلی نا نەوتیی لەکۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ھاوردەی وڵات کردوە.