تورکیا مۆڵەتی چێشتخانەکانی ماکدۆناڵدز، بورگەر کینگ و قاوەخانەی ستاربوکسی هەڵوەشاندەوە


لە دوایین هەوڵیدا بۆ بەرزکردنەوەی بەهای لیرەی تورکی، شارەوانیی ئەنقەرە مۆڵەتی چێشتخانەکانی ماکدۆناڵدز، بورگەر کینگ و قاوەخانەی ستاربوکسی هەڵوەشاندەوە.

ماکدۆناڵدز زنجیرە چێشتخانەیەکی خواردنە خێراکانی ئەمریکیی ە ولقی لە زۆربەی وڵاتانی جیهان هەیە و ستاربوکسیش زنجیرە قاوەخانەیەکی ئەمریکییە و لقی لە چەندین وڵات هەیە، بەڵام چێشتخانەی بورگەر کینگ رایگەیاندووە، بنکەی سەرەکیی ئەوان لە بەرازیلە و ئەوان ئەمریکی نین.

دوای سەپاندنی رسووماتی گومرگریی زیاتر بەسەر کاڵا تورکییەکان لەلایەن ئەمریکاوە، حکوومەتی تورکیا داخستنی ئەو چێشتخانە و قاوەخانانە بە رێکارێکی بەرامبەر دادەنێت.

مستەفا ئاک، شارەداری ئەنقەرە رایگەیاندووە، ئەو شەڕە ئابوورییەی ئەمریکا بەرامبەر تورکیا هەڵی گیرساندووە، درێکراوی کودەتا شکستخواردووەکەی سوپای تورکیایە، کە لە مانگی تەمموزی 2016 لەلایەن ژمارەیەک فەرماندەی سوپا ئەنجام درا و شکستی هێنا.

داخستنی ئەو سێ چێشتخانە و قاوەخانە ئەمریکی و جیهانییە لەکاتێک دایە، کە ئێوارەی رۆژی هەینی 17/8/2018 (لە کاتی داخستنی بۆرسەی دراو لە دوا رۆژی هەفتەدا، کە تا سەرلەبەیانیی رۆژی دووشەممە لەم بەهایە جێگیر دەبێت)، بەهای 100 دۆلار بەرامبەر 601 لیرە بوو، لە کاتێکدا، لە ناوەڕاستی هەفتەی رابردوو، لە زیاتر لە 700 لیرەوە دابەزی بۆ 585 لیرە.

دابەزینی بەهای لیرەی تورکی بەهۆی دروستبوونی کێشەیە لەنێوان ئەمریکا و تورکیا، کە زۆرتر بەهۆی قەشەیەکی ئەمریکییەوەیە.

کێشەکان زۆرتر بەهۆی دەستبەسەرکردنی قەشە ئەندرۆ برانسۆن لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیاوە دروست بوون، کە حکوومەتی تورکیا بە سیخوڕیکردن بەسەر تورکیا و هاوکاریکردنی فەتحوڵڵا گیولەن، رێبەری بزووتنەوەی خزمەت، تۆمەتباری دەکات.

پێشتر دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بەهۆی ناکۆکییەکانییەوە لەگەڵ تورکیا، بڕیاری لادانی بەخشینی تورکیای لە رسووماتە گومرگییەکان دابوو، بەمەش زیانێکی گەورەی دارایی بە کەلوپەلی هەناردەی تورکیا بۆ ئەمریکا دەگات، کە زیانەکە دەگاتە نزیکەی یەک ملیار و 700 ملیۆن دۆلار.

قەشە ئەندرۆ برانسۆن، کە قەشەیەکی ئەمریکییە و لە تورکیا دەژی، نزیکەی دوو ساڵە بە تۆمەتی هاوکاریکردنی گرووپی فەتحوڵڵا گیولەن، لە ماڵەکەی خۆی لە شاری ئیزمیر لە تورکیا، دەستبەسەر کراوە.

حکوومەتی تورکیا فەتحوڵڵا گیولەن بە پیلاندانان بۆ کودەتا شکستخواردووەکەی بەشێک لە فەرماندەکانی سوپای تورکیا لە تەمموزی 2016 تۆمەتبار دەکات و داوا لە ئەمریکا دەکات بینێرێتەوە تورکیا، کە ئێستا لە ویلایەتی پەنسلڤانیا دادەنیشێت.