ترس و دڵه‌ڕاوكێ بازاره‌كانی توركیای داپۆشیوه‌


به‌هۆی دابه‌زینی به‌های لیره‌و ئاڵۆزبوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا و توركیاوه‌، حكومه‌تی ئه‌نكه‌ره‌ له‌ دۆخێكی قورسی ئابووری و سیاسیدایه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌شدا پێویسته‌ تا مانگی ئۆكتۆبه‌ری ئه‌مساڵ، 3.8 ملیار دۆلار وه‌ك قه‌واڵه‌ بداته‌وه‌، كه‌ دانه‌وه‌ی كارێكی زۆر ئه‌سته‌مه‌.

مانگی ئۆكتۆبه‌ری داهاتوو، ده‌بێته‌ مانگێكی پڕ زه‌حمه‌ت بۆ توركیا،چونكه‌ ئه‌نكه‌ره‌ پێویسته‌ تا ئه‌و كاته‌ كه‌ نزیكه‌ی مانگێكی له‌به‌رده‌ست ماوه‌، بڕی 3.8 ملیار دۆلار وه‌ك قه‌واڵه‌( سندات)ی بیانی بداته‌وه‌، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌ پێویسته‌  بڕی سووی پاره‌كه‌ش بداته‌وه‌ كه‌ 762 ملیۆن دۆلاره‌.

هه‌ژماری (سوسیتیه‌ جه‌نڕاڵ)، كۆمپانیا توركیه‌كانی ناچار كردووه‌ تا كۆتایی ئه‌مساڵ بڕی قه‌واڵه‌كه‌ی به‌ دۆلار بده‌نه‌وه‌، كه‌ بڕه‌كه‌ی 1.8 ملیار دۆلاره‌، هه‌روه‌ها حكومه‌تیشی ناچار كردووه‌ بری 1.25 ملیار دۆلار بداته‌وه‌.

داواكردنه‌وه‌ی ئه‌م بڕه‌ پارانه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ ترس و دڵه‌ڕاوكێ بازاره‌كانی توركیای داپۆشیوه‌ و پسپۆڕانی ئابووریش پێیان وایه‌ حكومه‌ت و كۆمپانیاكان هه‌رگیز ناتوانن ئه‌و بڕه‌ پاره‌ بده‌نه‌وه‌، به‌ تایبه‌ت كه‌ داوایان كردووه‌ به‌ دۆلار قه‌رزه‌كانیان وه‌ربگرنه‌وه‌.

جیسۆن داو له‌ كۆمپانیای (سوسیتیه‌ جه‌نڕاڵ) ده‌رباره‌ی دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كان نوسیویه‌تی: ئه‌و بڕه‌ی له‌ توركیا داوه‌ كراوه‌ و زۆره‌، توركیا زۆرترین قه‌رزی ده‌ره‌كی له‌سه‌ره‌ كه‌ كۆی قه‌رزه‌كانی نزیكه‌ی 400 ملیار دۆلاره‌، هه‌روه‌ها بڕی سووی قه‌رزه‌كان به‌ ڕێژه‌ی %25 زیادی كردووه‌.