مورتەزا عەبادی كونسوڵی ئێران لە هەولێر رونكردنەوەیەكی بڵاوكردۆتەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەكردووە لەرابردوودا چەند پڕوپاگەندەیەك بڵاوكراوەتەوە سەبارەت بە راگرتنی پێدانی ڤیزا بەهاوڵاتیانی هەرێم بۆ سەردانكردنی ئێران یاخود گۆڕانكاریكردن لەمیكانیزمەكەیدا.
كونسوڵی ئێران لەهەولێر لەرونكردنەوەكەیدا سەرجەم ئەو هەواڵە ناڕاستانە بەدرۆ دەخاتەوە و رایدەگەیەنێت: كۆماری ئیسلامی ئێران شوێنێكی گرنگە بۆ گەشتیارانی عیراق و هەرێمی كوردستان و هەمیشە سنورەكانی واڵا دەبێت بۆ پێشوازیكردن لەگەشتیاران.
مورتەزا عەبادی كونسوڵی ئێران لەهەولێر راشیگەیاندووە” كۆنسوڵگەرییەكەیان لەرابردوودا كارئاسانی زۆری بۆ ئەو هاوڵاتیانەی هەرێم كردووە كە داوای وەرگرتنی ڤیزایان كردووە بۆ سەردانیكردنی ئێران و بەئێستاشەوە بەردەوام دەبێت و هەموو هاوڵاتییەكی كورد دەتوانێت لەماوەی چەند سەعاتێكی كەمدا ڤیزا وەربگرن.
كونسوڵی ئێران ئاماژەی بەوەشكردووە لە14ی ئەم مانگەوە كونسوڵگەرییەكەیان زیاتر لە 4 هەزار ڤیزای بەهاوڵاتیانی كورد بەخشیوە كە 2 هەزار و 510 ڤیزایان تەنیا لەپارێزگای هەولێر بووە.