كۆبونەوەی یەكێتی ژوورەكانی بازرگانی عێراق بەرێوەدەچێت و شاندێکی کوردستانیش بەشدارن


كۆبونەوەی ژمارە ٦٤ی، یەكێتی ژوورەكانی بازرگانی عێراق لەبەغدا بەرێوەچوو شاندێکی یەكێتی ژوورەكانی بازرگانی‌و پیشەسازی هەرێمی كوردستانیش بەشدار بوون.  

دكتۆر دارا جەلیل خەیات، سەرۆكی یەكێتی ژوورەكانی بازرگانی وپیشەسازی هەرێمی كوردستان و سیروان محمد سەرۆكی ژووری بازرگانی وپیشەسازی سلێمانی و ئەیاد حسن سەرۆكی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی دهۆك، لە رێكەوتی ٢٠١٨/٨/١٦  لە شاری بەغدا بەشداریان كرد لە كۆبونەوەی ژمارە ٦٤ لە خولی ١٢ ی یەكێتی ژوورەكانی بازرگانی عێراق،  كە كۆبونەوەكە بە سەرپەرشتی جعفر حمدانی سەرۆكی یەكێتی ژوورەكانی بازرگانی عێراقی بەرێوەچوو، سەرۆكی سەرجەم ژوورەكانی بازرگانی پارێزگاكانی عێراق ئامادەبوون.

سەرەتا جعفر حمدانی سەرۆكی یەكێتی ژوورەكانی بازرگانی عێراق ووتەیەكی پێشكەش كرد و بەخێرهاتنێكی گەرمی دكتۆر دارا جەلیل خەیات و شاندی ژوورەكانی بازرگانی هەرێمی كوردستانی كرد، هیوای خواست كە ژوورەكانی بازرگانی هەرێمی كوردستان بەردەوام بەشداربن لە كۆبونەوەكانی یەكێتی ژوورەكانی بازرگانی عێراقی ، دواتر دكتۆر دارا جەلیل خەیات ووتەیەكی پێشكەش كرد و سوپاسی یەكێتی ژوورەكانی بازرگانی عێراقی كرد بۆ ئەو میوانداریە جوانە و هیوای سەركەوتنی بۆ خواستن، دواتر بەرنامەی كاری كۆبونەوەكە دەستی پێكرد كە باسیان لە چۆنیەتی چارەسەركردنی ئەو كێشەو گرفتەكانە كرد كە دێنە بەردەم جموجۆڵی بازرگانی لە هەموو عێراق و چۆنیەتی دۆزینەوەی رێگەچارەیەكی گونجاو بۆ رێكخستنەوەی كاری بازرگانی لە نێوان هەرێمی كوردستان وشارەكانی ناوەراست و باشووری عێراق.