نرخی میوە و کاڵاکان لە تورکیا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبۆتەوە

سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر تورکیا کاریگەریی لەسەر بازاڕی میوە و سەوزەی تورکیا داناوە و نرخەکانی بەرزکردووتەوە، وەک میوەفرۆشان دەڵێن، نرخی هیچ جۆرە میوەیەک لە 5 لیرە کەمتر نییە.  

مووچە خۆرەکان لە تورکیا گلەیی ئەوە دەکەن کە مووچەکانیان وەک خۆیەتی بەڵام نرخی میوە و سەرجەم کاڵاکان بەرز بووەتەوە وئەمەش بارگرانی لەسەر ژیانیان دروستکردووە.

ئیهان گەجێل، یەکێک لە میوەفرۆشەکان دەڵێت: “بڕوام پێبکە، بە فرۆشتنیان ئازارم دەدات، هیچ کیلۆیەک میوە نییە لە پێنج لیرە کەمتربێت. یەک کیلۆ هەنجیر بە 10 لیرەیە، ئەمە رێی تێدەچێت؟ ئەمەش شتێکی سەخیفە”.

خەڵکی تورکیا نیگەرانن لەوەی نرخەکان لە بازاڕ بەرزن، بەڵام لەبەرامبەردا ئەوان هەمان ئەو مووچەیە وەردەگرن کە پێش لە قەیرانەکان وەریانگرتووە.

سەمرا کالایاجی، دانیشتووی ئەنقەرە دەڵێت: “لە کاتێکدا مووچەکانمان بەهیچ شێوەیەک زیادی نەکردووە، زیادبوونی نرخەکان کاریگەری زۆری لێکردووین.”

بەدەر لە نرخی سەوزەو میوە نرخی کاڵا و شتوومەکەکانی دیکەش بەرزبووەتەوە، یەکێک لە زێڕنگرەکانی ئەنقەرە ئاماژە بەوەدەکات، لەسەرەتای سەپاندنی سزاکان، دۆخی بازاڕ بەتەواوەتی خراپبووە، بەڵام ئێستا کەمێک بە بەراورد بە چەند رۆژی رابردوو باشتر بووە. 

هاکان کەرەکیلیج، زێڕنگر لە ئەنقەرە رایگەیاند: “لەگەڵ بەدەنگەوەهاتنی ئەم دواییەی دەسەڵات، دۆخەکە کەمێک باشتربووە، بەڵام لەسەرەتادا زۆر خراپبوو، زیانی زۆری بۆ ئێمە و خەڵکیش هەبوو.”

لەسەر دەستگیرکردنی قەشەیەکی ئەمریکی لەلایەن تورکیا، ئەمریکا کۆمەڵێک سزای بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپاند، لەگەڵ سەپاندنی سزاکانیش نرخی دراوی تورکی (لیرە) بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزی، ئەمەش وایکرد تورکیا رووبەڕووی قەیران و گوشارێکی تووندی ئابووری ببێتەوە و نرخی کاڵا و شتومەکەکان بەشێوەیەکی بەرچاو لە بازاڕەکانی ئەم وڵاتە بەرزببنەوە.